"زیاتر لە 80 هەزار کەس ناویان بۆ چوونە حەج تۆمار کردووە"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
85 جار خوێنراوەتەوە
بڕیاربوو 5ی ئاب پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ حەجی ساڵی داهاتوو کۆتایی بێت، بەڵام پێنج رۆژ درێژکرایەوە. بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەش دەڵێت، دوو رۆژ کات ماوە و "هیچ بڕیارێک" بۆ درێژکردنەوەی کاتەکە نییە.
کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە میدیاکانی راگەیاند: "تا ئەمڕۆ زیاتر لە 68 هەزار فۆرم پڕکراونەتەوە. فۆرم هەیە دوو بۆ سێ کەس ناویان تۆمارکردووە. بەگشتی، ژمارەی ئەو کەسانە دەگاتە زیاتر لە 80 هەزار کەس کە دەیانەوێ ساڵی داهاتوو بچنە حەج".
کاروان ستوونی وتی: "جاری یەکەم کە پێنج رۆژ کاتەکە درێژکرایەوە بۆ ئەوە بوو هەرکەس نەیتوانی بێت ناوی تۆمار بکات، دەرفەتێکی دیکەی پێ بدرێ. ئێستا هیچ بڕیارێک نییە کاتەکە درێژ بکرێتەوە و 10ـی ئاب دوایین رۆژ دەبێت".
توتەبێژی حەجی عومرە دەڵێ، لە دوای راگرتنی ناوتۆمارکردن و کارە کارگێڕییەکان، "بە زووترین کات" ناوی ئەوکەسانە ئاشکرا دەکەن ساڵی داهاتوو دەچنە حەج.
ناونووسین بۆ حەج ئەم ساڵ 21ی تەممووز دەستیپێکرد ساڵی پار ناونووسین بۆ حەج لە 11ی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ی هەمان مانگ کۆتایی هات زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکارییان لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕکردەوە، لەو ژمارەیە 5120 کەس بە تیروپشک ناویان دەرچوو.
|