پارتی و یەکێتی بۆ کۆبوونەوەی نیشتمانیی عێراق ئامادەکاری دەکەن
9 خولەک پێش ئێستا
9 جار خوێنراوەتەوە
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نیشتمانیی عێراق، کە بڕیارە یەکی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئامادەکاری دەکەن.
ئەو ئامادەکارییە لە دوای کۆبوونەوەی شەوی رابردووی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق بڕیاری لەسەر دراوە. لەم چوارچێوەیەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ دیاریکردنی ئاستی بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەدا، هاوکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە و تاوتوێی ئەو کەسایەتییانە دەکات کە نوێنەرایەتیی حزبەکەیان دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق دژی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. هەردوو حزب دەیانەوێ بە یەک هەڵوێستەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی یەکی مانگی 12 بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی لە کۆشکی بەغدا کرد. بە گوێرەی راگەیاندراوێکی راگەیاندنی دادوەریی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیە تاوتوێ کران و بەشداربووان پێشنیاز و دەستپێشخەرییەکەی زێدانیان بۆ سازدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانی لە 1ـی کانوونی یەکەمی 2026 پەسەند کرد.
وەک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، مەبەست لەو گفتوگۆیە، کە لەژێر سەرپەرشتیی فایەق زێدان و بە ئامادەبوونی چوار سەرۆکایەتییەکە و میوانداریکردنی هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان یان هەر لایەنێکی یارمەتیدەر رێک دەخرێت، دۆزینەوەی چارەسەرە بە گوێرەی دەستوور بۆ قەیرانی دەستووریی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، فایەق زێدان پێداگریی لە گرنگیی رێزگرتن لە جێبەجێکردنی دەستوور کردەوە و دووپاتی کردەوە، لە کاتی هەر جیاوازییەکی بیروڕا لەبارەی واتای حوکمی مادە دەستوورییەکانەوە، پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی دەبرێت، کە دەستوور تایبەتمەندیی راڤەکردنی دەقەکانی پێ داوە.
|