رەوتی هەڵوێست لە پێکهێنانی یەک لیستی ئۆپۆزیسیۆن کشایەوە
2025-05-12
188 جار خوێنراوەتەوە
عەلی حەمەساڵح رایگەیاند، بڕیاری کشانەوەیان لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی یەک لیستیی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن داوە.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست ئەو قسانەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەانیدا کرد و رایگەیاند، "لەگەڵ کەسانێک ناچینە یەک لیستییەوە کە جێگەی متمانەی ئێمە و خەڵکی کوردستان نین. بۆیە بڕیاری کشانەوەمان لە پێکهێنانی یەک لیستیی (لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن) داوە".
نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رەوتی هەڵوێست، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بەرەی گەل، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان و چەند کەسایەتییەکی سەربەخۆ، دوێنێ لە بارەگای یەکگرتوو لە سلێمانی بۆ پرسی یەک لیستی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە، ئەمڕۆش لە بارەگای رەوتی هەڵوێست لە سلێمانی کۆبوونەوە.
بەشێک لە هۆکاری ئەو کشانەوەیە، بە گوتەی عەلی حەمەساڵح، "لایەنێک لەکاتێکدا لەگەڵ ئێمە خەریکی دانوستاندن بوو، لە هەمان کاتدا لەگەڵ بەغداش خەریکی گفتوگۆی بەشداریکردنە لە حکومەت".
لە سەرەتای قسەکانی دا، عەلی حەمەساڵح باسی لەوە کرد، "لە ماوەکانی رابردوودا لەلایەن کۆمەڵێک خەڵک و هێزی سیاسی، دەستپێشخەریی کرا بۆ دروستکردنی یەک لیستی لە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، سەرباری ئەوەی ئێمەمانان ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ رەفتار و رابردوو و دەربڕین و مامەڵەی هەندێ خەڵک هەبوو، بەڵام گوتمان دەچینە کۆبوونەوەکان و بۆ ئەوەش بەدیلێک ئامادە دەکەین".
سەرۆکی رەوتی هەڵوێست باسی پڕۆژەی خۆیان کرد و وتی، "دروستکردنی هاوپیمانیی خەڵک بوو، هەر هێز و لایەنێک پشتیوانیی ئەو هاوپەیمانێتییەی کردبا، چەند رەفتاری خراپ بووایە، وامان داڕشتبوو کاریگەری نەبێت، بەڵام پاش گفتوگۆی وردی هاوڕێیانی ئێمە لە لیژنەکاندا، دەرکەوت ئەجێندایەکی نیشتمانی بوونی نییە. دەرکەوت لەو کاتەی خەڵکێک لەگەڵ ئێمە لە گفتوگۆیە، لە عێراق گفتوگۆی بەشداریکردن لە حکومەت دەکات. ئیدی چ بەهایەک بۆ هاوپەیمانێتییەکە دەمێنێتەوە؟".
هاوکات رێبوار كەریم، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، "ئێمە یەکێکین لەو هێزانەی باوەڕمان بە کۆکردنەوەی دەنگی ناڕازی هەیە، بۆ بەشداریکردنی گفتوگۆ پڕۆژەی خۆمان پێشکێش کرد، دوو داواکاریمان هەبوو لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، داوامان کرد کە کەسی سەربەخۆ کاندید بکەن نەک حیزب خەڵک کاندید بکات".
لەبارەی داواکاریی دووەم، رێبوار کەریم دەڵێت، "پێمان گوتن قۆناخی دوای یەک لیستی گرنگە نەک پێش یەک لیستی، ئێمە وەکو هاوپەیمان سەیری ئەم یەک لیستییە دەکەین، پرسیارمان لەبارەی ئامانجی ئەم یەک لیستییە کرد، تەنانەت بەشێک لە لایەنەکان وەڵامیشیان نەداینەوە و بۆمانیان روون نەکردەوە، بۆیە ئێمە تێگەیشتین ئەم بابەتە لە یەک لیستییەک زیاتر هیچی دیکە نییە، تەنیا دوێنی و ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵ کردن، بەڵام لە هەردوو رۆژەکە داواکارییەکانیان قبووڵ نەکردین".
بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
|