قۆناغی دووەمی پێدانی زەوی بە پێشمەرگە دەستپێدەکات
3 کاتژمێر پێش ئێستا
55 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، فەرمانی پێدانی زەوی بۆ ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەر و پلەدارانی وەزارەتەکەیان دەرچووە.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای گەرانەوەی قۆناخی یەکەمی پێدانی زەوی بۆ ئەفسەران و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگه، لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی بۆ پێدانی زەوی بۆ نۆ هەزار و 579 ئەفسەر، پلەداری لیوا و یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگیراوە."
سوودمەندبووانی ئەم قۆناغە ئەمانەن:
- ئومرەی بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی ئەفسەران، 131 کەس.
- لیوای دووی پیادە 708 کەس.
- لیوای چواری پیادە 1400 کەس.
- لیوای حەوتی پیادە 1672 کەس.
- لیوای 11ی پیادە 1617 کەس.
- لیوای 12ی پیادە 1622 کەس.
- لیوای 17ی پیادە 1019 کەس.
- لیوای 18ی پیادە 1410 کەس.
بەگوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە، "کۆی گشتی 9579 کەس لەم قۆناخە سودمەند دەبن و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە هەموو ئەو هێز و یەکانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین، پەلەبکەن لە رێکخستن و بە داتاکردنی فۆرمەکانیان، بەمەبەستی ناردنیان بۆ لیژنەی زەوی وەزارەتمان و هاوکاربن لە جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانەی بۆیان نێردراوە بۆ ئەوەی زۆرترین پێشمەرگە سوودمەندبێت لەم پڕۆسەیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان."
ئەمە قۆناغی دووەمی پێدانی پارچەزەوی دەبێت بە ئەفسەر و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە. لە قۆناخی یەکەمدا 9165 کەس سوودمەندبوون.
بەپێی زانیارییەکان، بە کۆی گشتی 65 هەزار و 668 ناو لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی نێردراون، کە بە حەوت قۆناخ زەوی بەسەر پێشمەرگەکاندا دابەش دەکرێت و فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80ـش دەگرێتەوە.
قۆناغەکانی داهاتوو بەم شێوەیە دەبن:
قۆناغی سێیەم؛ ناوەکان رەوانە کراون و وردبینییان ماوە – 10918 ناو
قۆناغی چوارەم؛ ناوەکان رەوانە کراون و وردبینییان ماوە – 13095 ناو
قۆناغی پێنجەم؛ فەرماندەیی هێزەکانی یەکەی 80 – ناوەکان رەوانە کراون و وردبینییان ماوە – 3717 ناو
قۆناغی شەشەم؛ فەرماندەیی هێزەکانی یەکەی 70 - ناوەکان رەوانە کراون و وردبینییان ماوە – 5482 ناو
قۆناغی حەوتەم؛ فەرماندەیی هێزەکانی یەکەی 80 - ناوەکان رەوانە کراون و وردبینییان ماوە – 13577 ناو
|