بۆچی هاووڵاتیان لە کارەبا ٢٤ کاتژمێرییەکەی هەرێم نیگەرانن؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
22 جار خوێنراوەتەوە
ئایا نرخی کارەباکە لەگەڵ داهاتیی هاووڵاتیاندا دەگونجێت؟
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێم نرخی کارەبا ٢٤ کاتژمێرییەکەی بە فەرمی پەسەند کرد و کۆتایی بە مشتومڕی گرانی و هەرزانی نرخەکەی هێنا، بەڵام بەراورد بە نرخی پێشوو نرخەکە لە سەدا 500 بە گرانتر دەست پێ دەکات.
بە گوێرەی ئەو نرخانەی بە فەرمی بڵاوکراونەتەوە، لە 400 کیلۆواتی سەرەتا نرخی هەر کیلۆواتێک 72 دینار دەبێت و لە ٨٠٠ کیلۆ وات دەبێتە ١٠٨ دینار، لە کاتێکدا پێشتر بۆ ٩٠٠ کیلۆ واتی سەرەتا تەنیا ١٨ دینار بووە، ئەوەش بەو واتایەی نرخەکەی زیاتر لە سەدا ٥٠٠ بەرزکراوەتەوە.
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی ٧رۆژ بۆ خێزانێکی چوار کەسی دانیشتووی سلێمانی کە دوایین پسوڵەی کارەبای نیشتیمانیان بۆ گەڕاوەتەوە، تەنیا ٩٠٦ کیلۆ وات کارەبایان لە ماوەی ٦٠ رۆژدا بەکارهێناوە ئەو کە بەرانبەرە بە ١٦ هەزار و ٣٤٤ دینار، هەمان بڕ بە گوێرەی کارەبا ٢٤ کاتژمێرییەکە دەکاتە ٩٠ هەزار و ٥٥٠ دینار.
نرخەکان بەسەر چوار ئاستدا دابەش کراون، لە ئاستی یەکەم کە ٤٠٠ کیلۆ واتە بۆ دوو ئەمپێر و نیو ٢٨ هەزاری مانگانە.
بۆ ئاستی دووم هەمان ئەو دوو ئەمپێر و نیو دەگاتە ٤٣ هەزار دینار و لە ئاستی سێهەمدا دەگاتە ٧٠ هەزار.. لە ئاستی چوارەمیشدا دەگاتە ١٠٦ هەزار دینار.
بە راگەیاندنی نرخە نوێیەکان، کەمپینی حیزبە سیاسییەکان دژی پرۆژەکە دەستی پێکرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە چڕی دژی وەستاونەتەوە، بە تایبەت وەک کەرەستەیەک بۆ بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکان بەکاری دەهێنن.
حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی کارەبا، بە بەراورد کردنی نرخی کارەبای نیشتیمانی و کارەبای مۆلیدەکان پێی وایە ئەو نرخانەی دیاریکراون لەسەر هاووڵاتی هەرزانتر دەکەون.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەم پرۆژەدا وەبەرهێنانی نوێ بۆ کارەبای نیشتیمانی ئەنجام نەدراوە، تەنیا لەسەر ئەو ژێرخانە ئابوورییەی کە پێشتر لە سەر داهاتی گشتی بۆ کارەبا بنیاتنراوە پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت ئەوەش بەو واتایە دێت، حکوومەت بە گرانکردنی نرخی کارەبا تەنیا بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان زیاد دەکات و هیچ تێچوویەکی زیادە ناکەوێتە ئەستۆی.
لە بەرانبەریشدا بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە گرانی نرخی کارەباکە سەرەکیترین هۆکاری سەرکەوتنی پڕۆژەکەیە چونکە تاکە هۆکارە کە هاووڵاتی ناچار بکات کارەبا بە پێی پێویست بەکاربهێنێت.
|