ڤــایــرۆسی جـگـەر چییە و مەترسییەكانی كامانەن؟
10 کاتژمێر پێش ئێستا
109 جار خوێنراوەتەوە
پزیشکی پسپۆڕی وورد لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەر دەڵێت، ڤایرۆسی جگەر بە یەکێک لە نەخۆشییە هەرە مەترسیدارەکان دادەنرێت و ئەگەر لەکاتی پێویست چارەسەری گونجاو بۆ کەسی توشبوو نەکرێت دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی.
د. سەرکەوت ڕەئوف پزیشکی پسپۆڕی وورد لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەرو هەناوبینی لە نووسینێكدا ئاماژە بە ڤایرۆسی جگەر دەكات.
دەقی نووسینەكەی:-
ڤایرۆسی جگەر بە یەکێک لە نەخۆشییە هەرە مەترسیدارەکان دادەنرێت و ئەگەر لەکاتی پێویست چارەسەری گونجاو بۆ کەسی توشبوو نەکرێت دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی.
ئەم نەخۆشییە بۆیە بە مەترسیدار دادەنرێت، دەبێتە هۆی هەوكردنی درێژخایەن یاخود مرۆڤ توشی مەترسی گیان لەدەستدان دەکات بەهۆی شیبوونەوەی جگەر یان توشبوونی بەشێرپەنجەی جگەر.
نیشانەكانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر چین؟
لە هەندێک کات نیشانەکانی نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر دیاریکراو نییە، بەڵام هەندێك نیشانەی سەرەكی هەیە، كە بریتین لە:
یەكەم- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و ئارەق كردنەوە.
دووەم- ئازاری ئێسك و ماسولكە.
سێیەم-ئازار لەبەشی سەروەی لای ڕاستی سك.
چوارەم- دڵ تێكەڵهاتن و ڕشانەوە.
پێنجەم- بێ هێزی و كەمبوونەوەی توانای خواردن.
شەشەم- ڕەنگی میز دەگۆرێت بۆ رەنگی تۆخ.
هاوکات ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگوازرێتەوە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بە چەند ڕێگە و شێوازێک دەگوازرێتەوە لەوانە:
گواستنەوەی لە دایكەوە بۆ كۆرپەلە لەكاتی لە دایكبوون یان لە ماوەی دووگیانیدا.
پەیوەندی نزیك لەگەڵ كەسی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، چونكە ڤایرۆسەكە توانای گواستنەوەی هەیە.
بەكارهێنانی دووبارەی دەرزی و ئامێرە پزیشكیە پیسبووەكان بەم ڤایرۆسە بە تایبەتی دەرزی.
توشبوون بەئایدز و لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش.
بەهۆی داهێنانەكانی بواری پزیشكی لەئێستادا كوتان دژی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر هەیە و بەهۆی وەرگرتنی ڤاكسینەوە دەتوانرێت تاڕێژەی %٩٥ ڕێگە لەم نەخۆشییە بگیرێت، بۆیە پێویستە ئەو كەسانەی مەترسی توشبوونیان لێدەكرێت ڤاكسین وەربگرن بەتایبەتی ئەوانەی لەناوەندە تەندرووستییەكان كاردەكەن.
|