فیفا یاسایەکی تۆپی پێ لەبارەی لێدانی سزا دەگۆڕێت

13   کاتژمێر پێش ئێستا  36 جار خوێنراوەتەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا بەهاوکاری ئەنجوومەنی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی IFAB گۆڕینی یاسایەکی تۆپی پێی سەبارەت بە لێدانی سزا راگەیاند، کە هەنگاوێکی گرنگە بەئامانجی دوورکەوتنەوە لە مشتومڕەکانی داهاتوو.
 
فیفا و یوفا بڕیارێکی تایبەت لەبارەی لێدانی سزا (لێدانی یەکلاکەرەوە) دەگۆڕن، کە تایبەتە بەو حاڵەتانەی کاتێک یاریزان لێدانی سزا یان یەکلاکەرەوە جێبەجێ دەکات و هەردوو قاچی بەر تۆپەکە دەکەون.
 
بڕیارەکە بەمشێوەیە لێکراوە "ئەگەر لە کاتی جێبەجێکردنی لێدانی سزا بەبێ مەبەست هەردوو قاچی یاریزانی جێبەجێکار بەر تۆپەکە کەوت و لێدانەکە گۆڵ بوو، ناوبژیوان بڕیار دەدات لێدانەکە دووبارە بکرێتەوە. بەڵام ئەگەر لێدانەکە گۆڵ نەبوو، ئەوا لێدانەکە بە لەدەستچوو دادەنرێت، یان لێدانی سزای ناڕاستەوخۆ بۆ تیپی بەرامبەر هەژمار دەکرێت ئەگەر ئەو حاڵەتە لە کاتی یارییدا روویدا".
 
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە لێدانە یەکلاکەرەوەکەی جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینیی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بەرامبەر ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا مشتومڕێکی زۆری نایەوە، کاتێک سیمۆن مارچینیاکی ناوبژیوانی پۆڵەندی بەگۆڵی هەژمار نەکرد و بەو هۆیەوە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چامپیۆنزلیگ دەرکرا.
 
یانەکە دواتر سکاڵایەکی لەسەر ئەو بابەتە تۆمارکرد و فیفا و یوفای ناچارکرد بەدواداچوون بکەن و ئەم بڕیارەی لێکەوتەوە.
 
IFAB روونیکردەوە کە ئامانج لەم گۆڕانکارییەکە جیاوازیکردنە لەنێوان بەرکەوتنی هەردوو قاچی جێبەجێکارەکە بەر تۆپەکە بەشێوەی بەئەنقەست یان نائەنقەست، چونکە ئەو حاڵەتە نائەنقەستانە لەوانەیە لە ئەنجامی خلیسکان یان لەدەستدانی هاوسەنگی یاریزانێک رووبدەن. جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە یاسای پێشوو لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا نادادپەروەرانە بووە.
 
هاندەرانی یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، پێیانوابوو گۆڵەکەی ئەلڤارێز دروستە دوای ئەوەی تابلۆی گۆڵەکان یەکسانبوونی ئەنجامەکەی راگەیاند، پێش ئەوەی یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤیدیۆیی VAR دەستوەردان بکات و گۆڵەکە رەتبکاتەوە دوای ئەوەی یاریزانانی ریال مەدرید ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەمەش یارمەتی یانەی شاهانەی دا بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی سەربکەوێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە