چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران بە کوێ گەیشت؟

5   کاتژمێر پێش ئێستا  26 جار خوێنراوەتەوە

پشووەکانی جەژنی قوربان بەرەو کۆتایی دەڕۆن هێشتا چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە، بەغدا بیانووی بەهێزی بۆ رەوانە نەکردنی مووچە خستوەتەڕوو و حکوومەتی هەرێمیش ئامادە نیە لە داهاتەکانی خۆی دابینی بکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ٧رۆژ، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رایگەیاندووە لەسەر بنەمای راپۆرتی هاوبەشی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتونەتە ئەو بڕیارەی کە هەرێم پشکی خۆی لە بودجەی سێ ساڵی رابردوو وەرگرتووە.

سودانی باسی لەوەکردووە، هەرێمی کوردستان بە پێی ئەو داتایانەی لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی نانەوتی بە حکوومەتی فیدڕاڵی داوە دەرکەوتووە کە پشکی خۆی لە بودجە بە تەواوی پێدراوە و هیچ بڕە پارەیەکی لە باڵانسی بودجەکەیدا نەماوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیاری راگرتنی بەشە بودجەی هەرێم پشتی بە راپۆرتی هاوبەشی دیوانی چآودێری دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ بەستووە.

لە راپۆرتەکەدا بڕی ئەو نەوتەی هەرێم فرۆشتوویەتی لەگەڵ ئەو داهاتەی لەناوخۆدا بەدەستی هێناوە خراوەتەڕوو لەگەڵ کۆی ئەو بڕە پارانەی بۆی رەوانە کراوە زیاترە لە پشکی خۆی کە لە بودجەی عێراقدا بۆی دیاری کردووە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی راگرتنی مووچەی هەشت مانگی داهاتووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لەماوەی رۆژانی جەژنی قورباندا بەردەوام پەیوەندی سیاسی لە نێوان بەرپرسانی پارتی و بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەبووە و هەوڵ دراوە پێش جەژن مووچە رەوانە بکرێت بەڵام بێ ئەنجام بووە.

هاوکات دیار نیە هێشتا دادگای فیدڕاڵی بۆچوونی لەسەر پرسی راگرتنی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی چی دەبێت بەڵام پێشبینی دەکرێت دادگای فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان پابەند بکات بە رادەستکردنی نەوتەکەی و تەوتین کردنی مووچەخۆرانی لە بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق پاشان وەزارەتی دارایی عێراق ناچار بە ناردنی پارە بکات.

هەفتەیەک پێش جەژنی قوربان وەزارەتی دارایی عێراق بەنوسراوێک ئاشکرای کرد کە چیتر هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە ناکات بەوەش فەرمانبەرانی هەرێمی جارێکی دیکە بردەوە خاڵی سەرەتا.

ئەم بڕیارە دوای واژۆکردنی ژمارەیەک گرێبەستی وزە بوو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند کۆمپانیای ئەمریکی لە واشنتن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە