ئەنجوومەنی ئاسایش چارەنووسی عێراق تاوتوێ دەکات

6   کاتژمێر پێش ئێستا  100 جار خوێنراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی گرنگ سەبارەت بە دۆخی عێراق و داهاتووی ئەرکە نێودەوڵەتییەکان لەو وڵاتە بکات، تێیدا چارەنووسی دۆسیەی هەڵپەسێردراوی نێوان عێراق و کوێت و قۆناغەکانی کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی تاوتوێ دەکرێت.
 
کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی بە کاتی نیویۆرک و 5:00ـی ئێوارە بەکاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تێیدا محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)، دوایین راپۆرتەکان و پێشهاتەکان دەخاتەڕوو.
 
کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای دوو راپۆرتی نوێی سکرتێری گشتی بەڕێوەدەچێت (S/2025/320 و S/2025/323)، کە تیشک دەخەنە سەر دوو تەوەری سەرەکی:
 
یەکەم: کشانەوەی یونامی و دۆخی ناوخۆی عێراق
 
بەپێی پڕۆژەبڕیاری 2732ـی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەرکی یونامی لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 کۆتایی دێت. محەممەد حەسان پوختەیەک لەسەر قۆناغەکانی کشانەوەکە دەخاتەڕوو، کە بەپێی راپۆرتەکە و بەگوێرەی خشتەی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت و باس لە داخستنی نووسینگەکانی یونامی لە مووسڵ و کەرکووک دەکات لە مانگەکانی ئادار و نیسان.
 
هەروەها پێشبینی دەکرێت حەسان باسی ئەم پێشهاتانەی ناوخۆی عێراق بکات:
 
دۆخی سیاسی: راگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی 2024 کە دانیشتووانی عێراقی بە 46.1 ملیۆن کەس خەمڵاندووە و دیاریکردنی رۆژی 11ـی تشرینی دووەم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
دۆخی ئەمنی: کوژرانی عەبدوڵڵا مەکی موسڵح روفەیعی، سەرکردەی داعش لە عێراق و سووریا، وەک نیشانەیەک بۆ لاوازبوونی بەردەوامی رێکخراوەکە.
 
پێشهاتی هەرێمی: بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە 1ـی ئادار و دواتر بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان لە 12ـی ئایار، کە کۆتایی بە ململانێی 40 ساڵەی لەگەڵ تورکیا هێنا و کاریگەریی گەورەی لەسەر دۆخی ئەمنیی عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
مافەکانی مرۆڤ: نیگەرانییەکان سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر مافەکانی ژنان و منداڵان.
 
دووەم: دۆسیەی کوێت، دوو بژاردە لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش
 
گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش، چارەنووسی دۆسیەی بێسەروشوێنبووان و موڵکەکانی کوێتە دوای کشانەوەی یونامی. بەپێی راپۆرتەکەی سکرتێری گشتی (S/2025/320)، هێشتا چارەنووسی 315 هاووڵاتیی کوێتی و وڵاتانی سێیەم نادیارە و ئەرشیفی نیشتمانیی کوێت نەگەڕێندراوەتەوە.
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەم بۆشاییە، سکرتێری گشتی دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش:
 
دامەزراندنی نوێنەرێکی باڵای تایبەت: کەسێکی پسپۆڕ تەنیا بۆ بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە دابنرێت یانیش سپاردنی ئەرکەکە بە بەشێکی تایبەتی سکرتارییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵوێستی عێراق و کوێت لەسەر ئەم پرسە جیاوازە. کوێت لە رێگەی نامەیەکی فەرمییەوە لە 17ـی شوبات، پشتیوانیی خۆی بۆ دامەزراندنی نوێنەرێکی باڵا دەربڕیوە تاوەکو زامنی بەردەوامیی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بکات.
 
بەڵام عێراق لە نامەیەکدا لە 18ـی ئادار، دژایەتیی خۆی بۆ هەر میکانیزمێکی نوێی نێودەوڵەتی راگەیاندووە و پێشنیازی کردووە کە کێشەکە لە رێگەی "دەستەیەکی نیشتمانی"ـی هاوبەش و گفتوگۆی دوولایەنەوە چارەسەر بکرێت.
 
بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ئەم دوو بژاردەیە، دیارخەری ئەوە دەبێت کە ئایا دۆسیەی داگیرکاریی 1990 بە کراوەیی دەمێنێتەوە لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا، یان رادەستی گفتوگۆی دوولایەنەی نێوان بەغدا و کوێت دەکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە