ئێران: پێشنیازی ئەمریکامان بۆ پرسی ئەتۆمی قبووڵ نییە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی پێشنیازی ئەمریکای قبووڵ نییە، هەربۆیە پێشنیازێکی نوێ دەداتە ئەو وڵاتە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "پێشنیازەکەمان ئامادە کردووە و دوای یەکلاییبوونەوەی، لە رێگەی عومانەوە دەیدەینە لایەنی بەرامبەر. ئەم پێشنیازە لۆژیکی و هاوسەنگە."
ئیسماعیل بەقایی وتی، "وڵاتەکەمان پێشنیازی ئەمریکای قبووڵ نییە و پێشنیازێکی نوێ دەدەینە ئەمریکا و داوای لێدەکەین کە ئەم دەرفەتە بەرز بنرخێنێت. بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە ئەم پێشنیازە بە جیدی لەبەرچاو بگرێت."
23ی ئایار، ئێران و ئەمریکا پێنجەم گەڕی دانوستاندنیان لە رۆما تەواوکرد و رایانگەیاند، "لە داهاتوویەکی نزیکدا" دەست بە گەڕی شەشەم دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا کات و شوێنەکەیان دیاری نەکردووە.
2ی حوزەیرانی 2025 دیپلۆماتێکی باڵای ئێرانی کە نزیکە لە تیمی دانوستاندنەکانی ئەو وڵاتە، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: "ئێران خەریکی ئامادەکردنی وەڵامێکی نەرێنییە بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا کە دەکرێت وەک رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئەمریکا لێکبدرێتەوە."
پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنێکی ئەتۆمی، رۆژی 31-5-2025 لەلایەن بەدر حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانەوە پێشکێشی ئێران کرا، کە لە سەردانێکی کورتدا لە تاران بوو و نێوەندگیریی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن دەکات.
دوای 5 گەڕی گفتوگۆ لەنێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هێشتا چەندین ئاستەنگ ماون.
یەکێک لە ئاستەنگەکان ئەوەیە کە واشنتن داوا لە تاران دەکات پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، پێشنیاز دەکات کە ناوەندێکی هەرێمی لە دەرەوەی ئێران یۆرانیۆم بۆ تاران بپیتێنێت، ئێرانیش ئەوە رەتدەکاتەوە.
|