لیڤاندۆڤسکی راهێنەرەکەی لە زەوی دا

2025-06-12  42 جار خوێنراوەتەوە

وادیارە لە کۆتاییدا رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ئەستێرەی پۆڵەندی بەسەر میشال پرۆبیرز، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا سەرکەوت و رکابەری نێوانیان بە دەستلەکارکێشانەوەی راهێنەرەکە کۆتاییهات.
 
میدیاکانی پۆڵەندا رایانگەیاند، میشال پرۆبیرز، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا دەستیلەکارکێشایەوە و نایەوێت چیدی وەک راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بردەوام بێت.
 
ئەمە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پێشتر رایگەیاندبوو یاری بۆ هەڵبژاردەی پۆڵەندا ناکاتەوە تاوەکو ئەوکاتەی پرۆبیرز راهێنەری بێت.
 
بەر لە چەند رۆژێک لیڤاندۆڤسکی رایگەیاند "راهێنەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا تەلەفۆنێکی بۆ کردم و پێیگوتم نیشانەی کاپتنیت لێوەردەگرینەوە، منیش پێمگوت رازی نیم".
 
لیڤا زیاتر گوتی "پەیوەندییەکە لە خولەکێک کەمتر بوو، من نەک تەنیا لەبەرئەوەی نیشانەی کاپتنیم لێوەرگیراوەتەوە تووڕەم، بەڵکو لەبەر شێوازی ئاگادارکردنەوەکەشم، کە بەڕاستی بێڕێزی بوو بەرامبەر بە من، کە 19 ساڵە یاری بۆ ئەو هەڵبژاردەیە دەکەم و 11 ساڵە کاپتنم".
 
دواتر ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند "یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ناکاتەوە تاوەکو میشال پرۆبیرز راهێنەری هەڵبژاردەکە بێت".
 
سەرچاوەکانی نزیک لە هەڵبژاردەی پۆڵەندا، دووپاتیانکردەوە کاتێک راهێنەری پۆڵەندا رایگەیاند کە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی نیشانەی کاپتنیی هەڵبژاردەکەی لێدەسێندرێتەوە، لەلایەن یاریزانەکانەوە چەپڵەی بۆ لێدرا.
 
هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئەگەر دەنگ لەسەر کاپتنایەتی بدرایە لیڤاندۆڤسکی نەدەبووە کاپتنی هەڵبژاردەکە، چونکە زۆرینەی یاریزانەکان لێی تووڕەن، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی لە یارییەکەی ماڵتادا روویدا، کە لیڤا پێی باشتربوو لەسەر کورسی یەدەگ بمێنێتەوە بۆ ئەوەی دوای سێ رۆژ ئامادەکاری بۆ یارییەکی بارسێلۆنا بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە