ترەمپ: ئەگەری زۆرە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران

2025-06-12  355 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران "زۆر نزیکن" لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی، بۆیە هۆشداریی تووند دەداتە ئیسرائیل و داوای لێدەکات خۆی لە هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران بەدوور بگرێت، چونکە کارێکی لەو شێوەیە دەتوانێت هەوڵە دیپلۆماسییەکان "تێکبدات".
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ دانی بەوەدانا کە ئیسرائیل بیری لە هێرشێک کردووەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەتوانێت "پێکدادانێکی گەورە" دروست بکات.
 
ئەو ئاشکرایکرد کە ئەم نیگەرانییە بووەتە هۆی ئەوەی ئەمریکا بڕیاری کەمکردنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکانی لە ناوچەکە بدات بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئیسرائیل، رایگەیاند: "نامەوێت بچنە پێشەوە هێرش بکەن، چونکە پێموایە ئەوە هەوڵەکان تێکدەدات." پاشان بە خێرایی گوتیشی: "لە راستیدا، رەنگە یارمەتیدەریش بێت، بەڵام دەشکرێت تێکی بدات."
 
ترەمپ وتی: "رەنگە ئێستا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نزیک و مسۆگەر نەبێت، بەڵام ئەگەری هەیە."
 
ترەمپ جارێکی دیکە خۆی وەک پیاوی ئاشتی وەسفکرد و رایگەیاند، خوازیاری رێگەچارەی دیپلۆماسییە، بەڵام داوای سازشی زیاتر لە ئێران دەکات. گوتی: "پێویستە ئێران کەمێک تووندتر دانوستاندن بکات، واتا دەبێت هەندێک شتمان پێبدەن کە ئێستا ئامادە نین پێمان بدەن." ئەو دووپاتیشیکردەوە کە "ئێران ناتوانێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات."
 
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شەشەمین گەڕی دانوستانەکان لە عومان لەگەڵ ئێران ئەنجام بدات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە