یاسای حه‌شدی شه‌عبی عێراق دەخاتە بەر سزاکانی ئەمریکا؟

2025-07-25  301 جار خوێنراوەتەوە

ئەمریکا داوای چی لەسوودانی دەکات؟

ئەمریکا بە فەرمی داوای لە عێراق کردووە یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان تێپەڕ نەکات بۆیە مەترسی هەیە یاساکە وڵات رووبەڕووی سزا دارییەکانی واشنتن بکاتەوە.

لە دوایین پەیوەندی تەلەفوونی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پرسی یاسای حەشدی شەعبی باسکراوە و بە روونی پەیامی کۆشکی سپی دراوەتە حکوومەتی فیدڕاڵی کە رێگە بە تێپەڕبوونی یاساکە نەدات.

کۆشکی سپی پێی وایە، یاساکە دەبێتە هۆی باڵادەستبوونی زیاتری ئێران لە عێراقدا ئەوەش پێچەوانەی بەرنامەی ئیدارەی نوێی ئەمریکایە.

لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی ئەمریکا چەند جارێک بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کردووە و بۆ ئەو مەبەستە فشاری توندی لەسەر سودانی دروستکردووە.

بەڵام بەردەوام لەلایەن سەرکردەکانی حەشدەوە ئەو داواکارییە بە توندی رەتکراوەتەوە.

پێش هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران سودانی سەردانی تارانی کرد و پرسی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ کرد.

ئێستا شیعەکانی عێراق دەیانەوێت بەرگێکی یاسایی بە گرووپەکانی حەشد دا بکەن و وەک دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمی عێراق بیانناسێنن بەڵام ئەمریکییەکان ئەو هەنگاوە رەت دەکەنەوە.

ئەمریکییەکان پێیان وایە حەشدی شەعبی هەمان سیناریۆی سوپای پاسدارانی ئێران دووبارە دەکاتەوە و کۆنتڕۆڵی تەواوەتی وڵات دەگرێتە دەست.

بۆیە مەترسی ئەوە هەیە تێپەڕکردنی یاسای حەشدی شەعبی، عێراق رووبەڕووی سزای دارایی بکاتەوە و ئابوورییەکەی دابڕمێنێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە