سوودانى: هیچ کەسێک مافی نییە جێگەى دەوڵەت بگرێتەوە
2025-07-28
381 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، هیچ کەسێک مافی نییە شوێنی دەوڵەت یان دەسەڵاتەکانی بگرێتەوە و هیچ لایەنێکیش لەسەرووی یاساوە نییە. ئەوە وەک ئاماژەیەک بۆ رووداوى رووبەڕووبوونەوەکەى یەکشەممە لە بەغدا لە نێوان ژمارەیەک چەکدارى سەر بە حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنیەکان.
محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکایەتیکردنى کۆبوونەوەیەکى ئەمنیی بەپەلە لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان کرد بۆ تاوتوێکردنى ئەو رووبەڕبوونەوەى کە لە فەرمانگەیەکى کشتوکاڵ لە بەغدا روویدا و بەهۆیەوە کارمەندێکى پۆلیسى فیدڕاڵى کوژرا.
لە راگەیێنراوێکدا نووسینگەى سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەى بەوەداوە، سوودانى جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئەنجامدەران بەپێی یاسا کارپێکراوەکان رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و لێکۆڵینەوەکان بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەپێی ئەو رێنماییانە بەڕێوەبچن کە هێزە چەکدارەکانیان پێیانەوە پابەندن و لێکۆڵینەوەکان بە چاودێریی راستەوخۆی خۆی دەبێت.
وتوویەتى: "هیچ کەسێک مافی نییە جێگەى دەوڵەت یان دەسەڵاتەکانی بگرێتەوە و هیچ لایەنێکیش لەسەرووی یاساوە نییە".
رووبەڕووبوونەوەکەى کەرخی بەغدا هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە یەکێک لە فەرمانگەکانی کشتووکاڵ لە بەری کەرخی بەغدا، چەکدارەکان کە بەگوێرەى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان،سەر بە لیواکانى 45 و 46ى حەشدى شەعبی بوون، 14 یان دەستگیرکراون.
هاوکات دەستەى حەشدى شەعبی لەراگەیێنراوێکدا جەختى کردەوە کە بە "هیچ شێوەیەک" نەرمى بەرامبەر ئەو کەسانە نەنوێنن کە سەرپێچیی فەرمانەکان دەکەن یان پێشێلی رێکارە ئەمنییە پەیڕەوکراوەکان دەکەن.
حەشدی شەعبی دەڵێت: "دامەزراوەکەمان بۆ ئەوە بووە کە ببێتە قەڵخانێک بۆ نیشتمان و درێژکراوەی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان بێت، هەروەها لەژێر چەتری دەوڵەت و سەرکردایەتییە رەواکەیدا کار دەکات، هەر رەفتارێکی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ کە لەم چوارچێوەیە دەربچێت، بە پێشێلکردنی یاسا دادەنرێت".
|