حەماس بۆ ترەمپ: ئامادەین هەموو بارمتەکان ئازاد بکەین
2025-10-04
169 جار خوێنراوەتەوە
بزووتنەوەی حەماس وەڵامی پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و ئامادەیی خۆی بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان لە بەرامبەر کشانەوەی تەواوەتیی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەربڕی.
لە راگەیێندراوەکەدا، حەماس دەڵێت، لەپێناو راگرتنی "دەستدرێژی و شەڕی جینۆسایدی" ئیسرائیل دژی خەڵکی غەززە و "لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی نیشتمانی"، وەڵامی پێشنیازەکەی داوەتەوە.
حەماس "سوپاس و پێزانینی" خۆی بۆ هەوڵە عەرەبی، ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکان و هەوڵەکانی ترەمپ بۆ راگرتنی شەڕ و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان دەربڕیوە.
گرنگترین خاڵەکانی وەڵامەکەی حەماس:
یەکەم: ئازادکردنی بارمتەکان
بزووتنەوەکە "رەزامەندی دەردەبڕێت لەسەر ئازادکردنی هەموو دیلەکانی ئیسرائیل، زیندوو و تەرمەکان، بەپێی ئەو شێوازەی ئاڵوگۆڕ کە لە پێشنیازەکەی سەرۆک ترەمپدا هاتووە." حەماس جەختی کردووەتەوە کە ئامادەیە دەستبەجێ لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بچێتە دانوستاندن بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنە.
دووەم: بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە، حەماس دووپاتی دەکاتەوە کە "رازییە لەسەر رادەستکردنی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە بە دەستەیەکی فەلەستینیی سەربەخۆی تەکنۆکرات، لەسەر بنەمای رێککەوتنی نیشتمانیی فەلەستینی و بە پشتیوانیی عەرەبی و ئیسلامی."
سێیەم: داهاتووی غەززە و مافەکانی فەلەستینییەکان
لەبارەی پرسەکانی دیکەی تایبەت بە داهاتووی کەرتی غەززە و مافەکانی گەلی فەلەستین کە لە پێشنیازەکەی ترەمپدا هاتوون، حەماس دەڵێت، "ئەمە پەیوەستە بە هەڵوێستێکی نیشتمانیی گشتگیر و بە پشتبەستن بە یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، کە لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی فەلەستینیی گشتگیردا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ و حەماسیش بە بەرپرسیارێتییەوە بەشدار دەبێت تێیدا."
|