سێ هەزار وانەبێژی خوێندنی باڵا مووچەی شەش مانگی پاریان وەرنەگرتووە

2025-11-16  340 جار خوێنراوەتەوە

نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا کە ئێستا کراون بە گرێبەست دەڵێت، کرێی وانەبێژیی شەش مانگی پاریان وەرنەگرتووە. بەرپرسێکی خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەوان رێکارەکانیان تەواو کردووە و بانکەکان دەڵێن "پارە نییە".
 
محەممەد نەجیب، یەکێک لە نوێنەرانی ئەو مامۆستایانە، دەڵێت "پار تاوەکو لە 28-10-2024 کراینە گرێبەست، تەنیا سێ جار کرێی وانەبێژیی ئەو ساڵەمان وەرگرت".
 
بە وتەی نوێنەرەکەیان، ساڵی رابردوو مانگەکانی چوار، پێنج و شەش، هەروەها مانگەکانی هەشت، نۆ و 10ـی لە ساڵی 2024 کرێی وانەبێژییان وەرنەگرتووە. مانگەکانی شەش و حەوت پشووی هاوینە بووە و کرێ هەژمار ناکرێت.
 
محەممەد نەجیب رایگەیاند: "لە زانکۆکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەشێکی وانەبێژان پارەی ئەو مانگانەی وەرگرتووە، زیاتر کێشەکەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بووە".
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "نەدانی کرێی وانەبێژەکانی ئەو مانگانەی ساڵی رابردوو گشتیی بووە نەوەکو پارێزگایەک و دووان و ژمارەیان زیاترە لە 3 هەزار کەس، ئێمە رێکارەکانمان بۆ کردوون، زانکۆکان پارەیان کردووە بە چەک و چوونەتە بانک گوتراوە پارە نییە".
 
توانا نەجەف وتی: "دوو جۆر بودجەمان هەیە، بودجەی ئاسایی و ئەو بودجەیەی لەسەر داهات خەرج دەکرێت، کرێی ئەو وانەبێژانە لەسەر بودجەی ئاسایی بووە و بۆ دابەشکردنی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران پێویستە، بۆیە ئەوەی لەسەر ئەستۆی وەزارەتمان بووە جێبەجێ کراوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: "دابەشنەکردنی کرێی وانەبێژان پەیوەندی بەو دۆخە داراییەی هەرێمی کوردستانەوە هەبووە، تەنیا کرێی ئەوان نەبووە و بەشێکی مامۆستاکانیش مووچەیان پێ نەدراوە".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە