هەفتەی داهاتوو قەرەبووی ئۆتۆمبێل و شوێنە بارزگانییەکان دابەش دەکرێ
2 کاتژمێر پێش ئێستا
51 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ رایدەگەیێنێت، بەهۆی دابەشکردنی مووچە، قەرەبووی ئۆتۆمبێل و شوێنە بازرگانییەکان کە لە لافاوەکەدا زیانیان بەرکەوتبوو، دەخرێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو. سەرۆکی بۆردی چاودێریی زیانلێکەوتووانیش دەڵێ، 487 سکاڵا لەسەر بڕی قەرەبووی زیانی خانووەکان تۆمار کراون.
کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ لەگەڵ بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی قەزاکە کۆبووەوە. عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ''ئەمڕۆ پێداچوونەوە بەو سکاڵایانە کرا کە هەفتەی رابردوو لەکاتی دابەشکردنی هاوکاریی خێزانە زیانلێکەوتووەکاندا تۆمارکرابوون.''
بەوتەی عەتا محەممەد هەر ئەمڕۆ بڕیار لەسەر دیاریکردنی وادەیەکیش دەدرێ بۆ دابەشکردنی قەرەبووی ئەو کەسانەی کە لە لافاوەکەی چەمچەماڵدا زیان بەر ئۆتۆمبێل یان شوێنە بازرگانییەکانیان کەوتبوو.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ لەبارەی وادەی دابەشکردنی قەرەبووەکە ئەوەشی خستەڕوو: ''پێدەچێ هەفتەی داهاتوو بێت، بەڵام رۆژەکە لە کۆتاییدا دیاری دەکەین. ئەویش بەهۆی ئەوەی کە ئومێدمان هەیە سبەی مووچە دابەش بکرێ و بانکی چەرموو پێی راگەیاندووین، ناتوانن لە یەک کاتدا مووچە و قەرەبووی زیانلێکەوتووان دابەش بکەن، بۆیە ئینشائەڵڵا دەیخەینە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.''
بەوتەی عەتا محەممەد، وێڕای پێداچوونەوە بە سکاڵای زیانلێکەوتووان و دیاریکردنی وادەی قەرەبووی زیانی ئۆتۆمبێل و شوێنە بارزگانییەکان، تیمە تەکنیکییەکانیشیان لە پاککردنەوەی زیاتری ناوچەکە و کردنەوەی رێڕۆکانی ئاو بەردەوامن.
|