پەیامی مەسعود بارزانی بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق
2 کاتژمێر پێش ئێستا
21 جار خوێنراوەتەوە
مەسعود بارزانی چەند میکانیزمێک بۆ دیاریکردنی نوێنەری کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەخاتەڕوو، رایگەیاندووە: نوێنەری کورد بۆ پۆستەکە لە پەرلەمانی کوردستان یان لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا دیاری بکرێت. یان لایەنەکان کۆببنەوە بۆ دیارکردنی کەسێک. باس لەوەش دەکات کە مەرج نییە ئەو بەربژێرە پارتی یان یەکێتی بێت.
دەقی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت.
میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە: یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن. مەرجیش نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق.
مسعود بارزانی
29ی كانوونی یەكەمی 2025
|