دۆناڵد ترەمپ بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران: یارمەتی لە رێگەیە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  39 جار خوێنراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندووەتەوە تاوەکو کوشتنی "بێمانای" خۆپێشاندەران دەوەستێنن. هەروەها پەیامێکی ئاراستەی خۆپێشاندەران کردووە و رایگەیاندووە: "یارمەتی لە رێگایە."
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیەڵ، رایگەیاند:" نیشتمانپەروەرانی ئێران، بەردەوام بن لە خۆپێشاندان، دەست بەسەر دامەزراوەکاندا بگرن .''
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها داوا دەکات خۆپێشاندەران "ناوی بکوژ و ستەمکاران تۆمار بکەن"، هەڕەشەی ئەوەش لەوانە دەکات  تووندوتیژی دژی خۆپێشاندەران بەکاردەهێنن، لە داهاتوودا "باجێکی قورس دەدەن".
 
سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسی، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد هەموو کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و ئەم هەنگاوەی بەستەوە بە پێویستیی راگرتنی "کوشتنی بێمانای خۆپێشاندەران."
 
لە کۆتایی پەیامەکەی دا بەڵێنی پشتیوانی دەدات و دەڵێت: "یارمەتی بەڕێوەیە"، درووشمی "با ئێران مەزن بکەینەوە (MIGA)" ـی داناوە، کە لە درووشمی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی "با ئەمریکا مەزن بکەینەوە"، وەرگیراوە.
 
ئەمڕۆش باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران هۆشداری دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن.
 
باڵیۆزخانەکە لە ئاگادارییەکی ئەمنی دا بۆ هاووڵاتییانی رایگەیاند، "هەر ئێستا ئێران جێبهێڵن." داواشی لە ئەمریکییەکان کردووە کە خۆیان پلان بۆ دەرچوون دابنێن و چاوەڕێی هاوکاریی حکومەتی ئەمریکا نەکەن.
 
ترەمپ بژاردەی سەربازی و نهێنی تاوتوێ دەکات
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژی دووشەممە سەپاندنی باجی بە رێژەی 25% بەسەر "هەموو" ئەو وڵاتانەدا راگەیاند بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە  گرژییەکان لە خۆپێشاندانەکانی ئێران رووی لە زیاد بوونە، تاران خۆپێشاندەران بە ئاژاوەگێڕی و هێرشی چەکداری و ئەندامی داعش ناودەبات.
 
هەرچەندە ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێرانی کردووە ئەگەر هێزی کوشندە دژی خۆپێشاندەران بەکاربهێنرێت، بەڵام هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ دیپلۆماسی لەگەڵ تاران پێشانداوە.
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، رۆژی دووشەممە 12-1-2026  ترەمپ لە چەند بژاردەیەک ئاگادار کراوەتەوە بۆ هەنگاونان دژی ئێران، یەکێک لەوانە هێرشی ئاسمانییە، سێشەممەش لەگەڵ راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی لەوبارەوە کۆدەبێتەوە.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە