مەسعود بارزانی: هیوادارین بە زووترین كات شەڕ لە سوریا رابگیرێت
3 کاتژمێر پێش ئێستا
61 جار خوێنراوەتەوە
مەسعود بارزانی پەیامێکی نوێی لەبارەی "گۆڕانکارییەکانی سووریا" بڵاوکردەوە و داوای هیوای خواست کە "بەزووترین کات ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانە رابگیرێن."
دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
سەبارەت بە دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا و لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دوێنێ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی گرنگمان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و سەرۆكی ئەنەكەسە هەبوو.
هیوادارین بە زووترین كات ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانە ڕابگیرێن كە ئێستا لەنێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ئارادایە و هەموو لایەك بۆ ئەو ڕێككەوتنانە بگەڕێنەوە كە پێشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەییشتن بە سەقامگیری لەنێوان لایەنەكانی سووریا بەستراون. هەروەها دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی ئیجابی و ئاراستەی دروست دەزانین و هیوادارین ببێتە زەمینەیەك بۆ ئەوەی بە ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەوڵەمەند بکرێت و بە شێوەیەکی یاسایی و دەستوری، گەرەنتیی مافەكانی گەلی كوردی لەسەر بنیات بنرێت.
مسعود بارزانی
18ی کانوونی دووەمی 2026
|