هۆکاری دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ئاشکرا دەکرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو دۆلارەی لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت، تەنیا 5%ی ئەو بڕەیە کە بانکەکە دەیخاتەڕوو. ئاشکراشی دەکات، بازرگانیی نایاسایی و هاوردەکردنی کاڵا بەبێ گومرگ، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخە لە بازاڕدا.
حەیدەر غازی، بەرپرسی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بانکی ناوەندی نرخێکی جێگیری هەیە و ئەوەی لە بازاڕەکان دەگوزەرێت، لە دەرەوەی کاروباری ئێمەیە. ئەو دۆلارەی لە بازاڕی رەشدا هەیە، سەرچاوەکەی جیاوازە، وەک ئەو بڕە پارەیەی گەشتیاران لایان دەمێنێتەوە و دەیفرۆشنەوە، بەڵام ئەمە بڕێکی زۆر نییە."
حەیدەر غازی وتی، "بانکی ناوەندی رۆژانە لەنێوان 250 بۆ 280 ملیۆن دۆلار و، هەندێکجار تا 300 ملیۆن دۆلار دەخاتەڕوو بۆ حەواڵە و گەشتیاران. ئەو دۆلارەی لە بازاڕی ئازاد دا مامەڵەی پێوە دەکرێت تەنیا 5%ی ئەو بڕە پێکدەهێنێت کە بانکی ناوەندی دەیفرۆشێت، بۆیە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کۆی سیستمە داراییەکە نییە."
بەرپرسەکەی بانکی ناوەندی باسی لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "هەندێک بازرگانیی وەک جگەرە و تووتن، کە بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن حکومەت و باج و گومرگەوە تۆمار نەکراون، ناتوانن لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە دۆلار وەربگرن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر کڕینی دۆلار لە بازاڕی ئازاد، ئەمەش گوشار دروست دەکات و نرخەکە بەرز دەکاتەوە."
لەبارەی وردبینییەکانی حکومەتەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا حکومەت دەیەوێت بە وردی چاودێریی "گومرگی پێشوەختە" بکات، بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە کە ئەو بازرگانانەی دۆلاریان بە نرخی فەرمی بردووە، بە هەمان بڕ کاڵایان هێناوەتە ناو وڵات. وتیشی، "ئەم چاودێرییە تووندە وایکردووە هەندێک بازرگان بکشێنەوە و دۆلار لە بازاڕی رەشدا بکڕن."
سەبارەت بە دەنگۆی سزاکانی ئەمریکا و کاریگەرییە دەرەکییەکان، بەرپرسەکەی بانکی ناوەندیی عێراق باسی لەوە کرد، "ئەوانە تەنیا دەنگۆن، ئەوەی کاریگەری هەبووە بارودۆخی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ بووە لەم دواییانەدا کە فشاری خستووەتە سەر بازاڕی دراو.
حەیدەر غازی ئاماژەی بەوەش کرد، بارودۆخی بانکی ناوەندی جێگیرە، بەڵام ناتوانرێت کاتێکی دیاریکراو بۆ دابەزینی نرخەکە بۆ ئاستی پێشوو دەستنیشان بکرێت، چونکە ئەوە پەیوەستە بە کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی نافەرمی و پابەندیی بازرگانان بە سیستمی بانکییەوە.
|