هاوپەیمانییەکەی سوودانی: پابەندی بڕیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگین
2 کاتژمێر پێش ئێستا
39 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی عێراق دەڵێت، هاوپەیمانییەکە لەبارەی وتەکەی دۆناڵد ترەمپ تایبەت بە کاندیدکردنی نووری مالیکی کۆدەبێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەر بڕیارێک چوارچێوەی هەماهەنگی بیدات، ئەوانیش پێوەی پابەند دەبن.
فیراس مەسلەماوی وتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند: "ئێمە بەشێکین لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هەر بڕیارێک ئەوان بیدەن بۆ ئێمە پابەندکەرە. بەپێی دەستووریش، گەورەترین فراکسیۆن مافی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی هەیە، بۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە."
وتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان وتی: "چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەرژەوەندیی عێراق دەڕوانێت و پێشتریش ئەزموونی سەرکەوتووی لە پێکهێنانی حکومەت هەبووە. ئێستا ئەم چوارچێوەیە یەکگرتووتر و بەهێزترە."
شەوی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دا و وتی، ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا "ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
|