پلانێکی ئەحمەد شەرع بۆ لێدانی گرووپە عێراقییەکان و حیزبوڵڵا ئاشکرابوو
46 خولەک پێش ئێستا
29 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی هەڵسەنگاندنێکی دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی ئاشکرا کردووە و دەڵێ، ئەحمەد شەرع بە نهێنی سوپایەکی گەورە بونیاد دەنێتەوە بۆ ئەوەی دوای کەمبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هێرش بکاتە سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و حیزبوڵڵای لوبنان.
ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست پشتی بەستووە بە هەڵسەنگاندنی سوپا و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەدات، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە جیاتی ئەوەی داهاتی وڵات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و باشترکردنی بژێوی خەڵک تەرخان بکات، زۆربەی سەرچاوە دارایییەکان، باج و تەنانەت هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیشی بۆ بونیادنانەوەی سوپایەکی زەبەلاح و کڕینی سیستمی نوێی چەک بەکارهێناوە و ستراتیژییەکی نهێنیی بۆ فراوانکردنی توانای سەربازی پەیڕەو کردووە.
دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، شەرع پلانی ئۆپەراسیۆنی داناوە تاوەکو لە کاتی گونجاودا گورزی تووند لە حیزبوڵڵا و میلیشیا شیعەکانی نزیک لە تاران لە عێراق بوەشێنێت.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئەحمەد شەرع چاوەڕوانی کاتێکی گونجاو دەکات کە هاوکات بێت لەگەڵ تەواوبوونی پڕچەککردنی سوپاکەی و کەمبوونەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، تاوەکو واشنتن نەتوانێت ڕێگری لەو هێرشانە بکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا سووریا بەردەوامە لە بەهێزکردنی سوپاکەی، وڵاتانی ئەورووپا بە پێشەنگیی ئەڵمانیا پێشوازی لە شەرع دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە شەپۆلی پەنابەران بگرن و زەمینەی گەڕانەوەیان بۆ دیمەشق خۆش بکەن؛ هاوکات وڵاتانی عەرەبی لەوانە سعوودیە و ئیمارات هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی وەبەرهێنان و نزیکبوونەوەوە سیاسەتەکانی بەرەو میانڕەوی بەرن و لە ڕەوتە تووندڕەوەکان دووری بخەنەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل باسیان لەوەش کردووە کە تەلئەبیب دەرفەتێکی مێژوویی لەدەست دا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ شەرع کاتێک هێشتا لاواز بوو و تازە دەسەڵاتی گرتبووە دەست.
ئاماژە بەوەش دراوە ئامانجی سەرۆکی سووریا کردنی وڵاتەکەیەتی بە زلهێزێکی ئیقلیمی کە لە داهاتوودا توانای سەربازی دژی ئیسرائیلیش بەکاربهێنێت، بۆیە سوپای ئیسرائیل چاودێریی هەواڵگریی چڕ کردووەتەوە و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوانیاندا تەنیا پەیوەستە بە کاتەوە.
|