ئامادەکاری بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا ده‌كرێت

2025-06-11  325 جار خوێنراوەتەوە

دوو بەرپرسی ئەمریکا دەڵێن، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان ئامادەکاری بۆ کشاندنەوەی ستافی ناپێویست لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەکات، ئەوەش بەهۆی ئەگەری زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە. 
 
ئەو دوو بەرپرسە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس کردووە. 
 
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی لەبارەی هەمان بابەت بە ئەسۆشیەتد پرێسی وتووە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لە کشاندنەوەی ئەو ستافەدا رۆڵی هەبێت، ئەگەر پێویست بکات. 
 
بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەزری راگەیاندووە: "وەزارەتی دەرەوە کشانەوەیەکی رێکخراو بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رێکدەخات. مەبەستەکە ئەوەیە ئەو کارە لە رێگەی گەشتی بازرگانییەوە بکات، بەڵام سوپای ئەمریکا لەسەر هێڵە، ئەگەر هاوکاری پێویست بوو". 
 
ئەم وتەیە لە کاتێکدایە، پێنج گەڕی دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوون، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆ لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-6-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە قسەی کرد و وتی، کەمتر لە جاران متمانەی هەیە بەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ بکرێ. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە جووڵەی هێزەکانی ئەمریکاوە لە ناوچەکەدا هەیە، بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکا بە رۆیتەرزی وت، هیچ گۆڕانێک لە جووڵە و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لە بنکەی سەربازیی عودەید لە قەتەر نییە کە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە