ئەمریکا گرووپێکی چەکداری عێراقی دەخاتە لیستی تیرۆرەوە
20 کاتژمێر پێش ئێستا
499 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، گرووپێکی چەکداری عێراقی خستووەتە لیستی تیرۆر و کەسایەتییەکیشی خستووەتە لیستی سزاکانەوە.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سامانی بیانی لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گرووپی (کەتائیبی ئیمام عەلی) وەک "رێکخراوێکی تیرۆرستیی بیانی" پۆڵێنکردووە.
گرووپەکە لە ساڵی 2014 دامەزراوە و چەکدارەکانی لە عێراق و سووریان.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو گرووپە "پشتیوانیی کردەوە تیرۆرستییەکانی کردووە."
هەروەها کەسێک بە ناوی (ناسر موحسن عەلی)، لە دایکبووی 1970 و دانیشتووی بەغدا و وتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبا، کە ئەویش لە لایەن ئەمریکاوە بە "گرووپێکی تیرۆرست" دانراوە، خراوەتە لیستی سزای سڕکردنی سامان و قەدەخەی گەشتکردن بۆ ئەمریکا.
بە گوێرەی ئەم رێکارانە، گرووپ و کەسانی سزادراو، هەر سامانێکیان لە ئەمریکا هەبێت، سڕ دەکرێت و ناتوانن سەردانی ئەمریکا بکەن. هەروەها هاووڵاتییانی ئەمریکا ناتوانن هیچ مامەڵەیەکی داراییان لەگەڵدا بکەن.
جۆو ویڵسن، ئەندامی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سوپاسی وەزارەتی گەنجینە دەکات لە بەرامبەر ئەوەی کە لەسەر داواکاریی ئەو، گرووپی (کەتائیبی ئیمام عەلی)ـی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
ویڵسن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "وەزارەتی گەنجینە و وەزارەتی دەرەوە هان دەدەم، هەنگاوی زیاتر بنێن و هەموو میلیشیا ئێرانییەکانی نێو عێراق بخنە لیستی تیرۆرەوە، بە تایبەتی رێکخراوی بەدر کە لە نامەکەشمدا داوام کردبوو."
ویڵسن هەروەها دەڵێت: "پێمگوتن کە ترەمپ چاکی دەکات. عێراق لە ئێران ئازاد دەکەین."
|