عێراق هەنگاو بەرەو رێککەوتنى ئەتۆمى لە بوارى مەدەنی دەنێت

20   کاتژمێر پێش ئێستا  63 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا گفتوگۆکردن بۆ واژۆکردنی پڕۆژەى رێککەوتنی هاریکاریی نێوان عێراق و کۆریای باشوور لە بواری بەکارهێنانی مەدەنییانەى وزەی ئەتۆمدا دەستپێبکات.
 
ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیدا لەسەر زیادکردنی سەرمایەی کۆمپانیای گشتیی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە ناوچەی باشوور بۆ 601 ملیار و 937  ملیۆن دینار لەسەر پشکی هەژماری یەدەگی کۆمپانیاکە، هاوکات دەبێت وەزارەتی کارەبا رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ لەبەرچاوگرتنى تێبینییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی لەبارەی ئەو پرسەوە و چارەسەرى بکات. 
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رەزامەندی دا لەسەر کەمکردنەوەی نرخی بەرهەمی گازوایل کە دەدرێت بە دیوانی ئەوقافی ئایینەکانی کریستیان، ئێزدی و سابیئەی مەندائی، بەشێوەیەک کە نرخەکەى بۆ لیترێک بکرێتە 400 دینار لەبرى 750 دینار.
 
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەرەنجامەکانی راپۆرتی بەدواداچوونی وەزارەتی گەیاندنی پەسندکرد کە تایبەت بوو بە پڕۆژەی مۆڵەتی نیشتمانی بۆ نەوەى پێنجەمى مۆبایل.
 
بڕیاردرا درێژە بدرێت بە دەسەڵاتەکانی وەزارەتی گەیاندن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیای ڤۆدافۆن بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژەکە، وەک هەنگاوێک بۆ دەستپێکردنی بەپێی ئەو کاتەی بۆی دیاریکراوە.
 
لە چوارچێوەی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا 20% گومرگی زیاد بکات لەسەر  قوتووی ئەلەمنیۆمی خواردنەوە گازییەکان و شەربەت و خواردنەوە وزەبەخشەکان کە هاوردە دەکرێن، بەوەش گومرگەکەى دەبێتە 50% و ئەو زیادکردنە بۆ ماوەى چوار ساڵ دەبێت و لەدواى چوار مانگ لە دەرچوونی بڕیارەکە دەچێتە بوارى جێبەجێکردن و دواى ساڵێک پێداچوونەوەى پێدا دەکرێت.
 
ئەنجوومەنى وەزیران دەسەڵاتی دا بە سەرۆکی دەستەی وزەی ئەتۆمیی عێراق بۆ گفتوگۆکردن و واژۆکردنی پڕۆژەى رێککەوتنی هاریکاریی نێوان عێراق و کۆریای باشوور لە بواری بەکارهێنانی مەدەنیانەى وزەی ئەتۆمدا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە