لێدوانی نوێی مەسرور بارزانی لەبارەی مووچەو بەغداوە
13 کاتژمێر پێش ئێستا
218 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ئامادەیە لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆ لەبارەی یاسایەکی نوێی نەوت و گازەوە بکات، کە یەکێکە لە خاڵە هەرە ئاڵۆزەکانی نێوان هەردوولا.
مەسرور بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرق چەندین پرسی تایبەت بە کێشەکانی هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەی ورووژاند و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان "هەوڵدەدات لەگەڵ بەغدا هاوئاهەنگ بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە."
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کە 17ـی تەممووز ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد، هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات کە بە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە مەزەندە کراوە؛ 50 هەزار بەرمیلی دیکەشی بۆ پێویستیی نێوخۆ و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنێت. هەروەها مانگانە 120 ملیار دینار وەکو بەرهەمی نانەوتی رادەستی بەغدا دەکات.
مەسرور بارزانی: هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەزانن کێ لە پشت ئەو هێرشانەوەیە کە بە درۆن کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، "هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری وزە."
مەسرور بارزانی وتی، "ئەمریکا هاوپەیمانمانە و زانیاریی هەواڵگری لەبارەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانمان ئاڵوگۆڕ دەکەین، چونکە هەندێک لەو کێڵگانەی هێرشیان کراوەتەسەر، لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن."
هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەیی خۆی بۆ هاوکاری لەگەڵ سعودیە نیشاندا و جەختی لەوە کردەوە کە هەردوولا پەیوەندیی مێژووییان هەیە.
هێرشەکانی سەر ژێرخانی نەوتی هەرێمی کوردستان بوونە هۆی پەکخستنی بەرهەمهێنانی نزیکەی 140 بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە بە نرخەکانی ئێستا زیانی رۆژانەی بە نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت. هێرشەکان لە 14ی تەممووز دەستیانپێکرد و بۆ ماوەی چوار رۆژی لەسەریەک بەردەوام بوون، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە چەندین کێڵگەی سەرەکیی نەوت بە رێژەی زیاتر لە نیوە.
دۆسیەی مووچە
لەبارەی پرسی مووچە، مەسرور بارزانی رەخنەی لەوە گرت کە حکومەتی عێراق پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان "وەک کارتی گوشاری سیاسی لە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولادا بەکاردەهێنێت" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەمە پێشێلکاریی دەستوورییە."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "زۆر جێگەی داخە کە مووچەی خەڵک ببێتە کارتێکی سیاسی یان جێگەی ناکۆکی لەنێوان بەغدا و هەولێر. بەپێی یاسا و دەستوور، خەڵک مافی خۆیەتی مووچەی بەبێ دواکەوتن و کێشە وەربگرێت. بەکارهێنانی مووچەی خەڵک وەک گوشاری سیاسی قبووڵکراو نییە. بینیمان مووچە بۆ ماوەی سێ مانگ دواکەوت، لە چەند رۆژی رابردوودا مووچەی مانگی ئایار دابەشکرا."
وتیشی: "وەزارەتی دارایی لەسەر ئاستی فیدراڵی دەست وەردەداتە وردەکارییەکانی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش پێشێلکردنی دەستوور و مافەکانی کوردستانە. دەستووریترین چارەسەر ئەوەیە کە لە یاسای بودجەی داهاتوودا لەسەر بودجەیەکی دیاریکراو بۆ کوردستان رێکبکەوین."
"بەغدا ئیرادەی سیاسیی نییە بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140"
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی چەند کێشەیەکی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدای کرد و وتی: " بەغدا هەموو کارتێکی گوشاری بەردەست بۆ پەراوێزخستن و لاوازکردنی هەرێم بەکاردەهێنێت، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا، نەبوونی ئیرادەی سیاسییە."
مەسرور بارزانی، هیوای خواست بەغدا سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان، بە سەرکەوتنی هەموو عێراق بزانێت و گوتیشی: "بەغدا ئیرادەی سیاسیی نییە بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140ـی تایبەت بە کەرکووک."
"کورد دەیەوێت پۆستی سەرۆککۆمار پشکی خۆی بێت"
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر پشکی کورد لە دەسەڵاتی عێراقدا و جەختی لەوە کردەوە کە " کورد دەیەوێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی خۆی بێت."
لەبارەی پرۆسەی چارەسەر لە تورکیا و باکووری کوردستان و چەکدانانی گرووپێک لە گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "پێشوازی لە دەستپێشخەریی ئاشتی و گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەین."
"سووریا دەرگا بە رووی کورددا بکاتەوە"
مەسرور بارزانی، باسی کێشە هەرێمییەکانی کرد و لەبارەی سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە ئاماژەی بەوەکرد: "پێویستە لەسەر حکومەتی سووریا دەرگا بەڕووی کورددا بکاتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات."
وتیشی: " هیوای دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەخوازین. هەر تێکچوونێکی ئەمنی لە ناوچەکەدا، لێکەوتەی نەرێنیی لەسەر هەموولایەک دەبێت."
"ئێمە بەشێک نین کێشەی نێوان ئیسرائیل و ئێران"
لەبارەی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە مانگی حوزەیرانی رابردووش وتی: "ئێمە بەشێک نین لە کێشەی نێوان ئیسرائیل و ئێران و، پشتگیریی هیچ شەڕێکیش ناکەین. کوردستان رێز لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەگرێت، بەتایبەتیش ئێران. هەرگیز نابینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ."
|