یەکەم لێدوانی نووری مالیکی دوای هۆشدارییەکەی ترەمپ
2 کاتژمێر پێش ئێستا
30 جار خوێنراوەتەوە
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دژایەتیی خۆی بۆ "دەستوەردانی روونی ئەمریکا" لە کاروباری ناوخۆی عێراق راگەیاند و گوتی، رێگە نادەن واشنتن دەستوەردان لە بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق بکات.
نووری مالیکی، دەستوەردانەکانی ئەمریکا بە "پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و دەستدرێژی بۆ سەر بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی" دادەنێت. راشیگەیاند: "لۆژیکی گفتوگۆ تاکە بژاردەی سیاسییە بۆ مامەڵەکردن لەنێوان دەوڵەتەکاندا، نەک زمانی هەڕەشە و خۆسەپاندن."
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردەوە و گوتی: "لە روانگەی رێزگرتن لە ویستی نیشتمانی و بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەردەوام دەبم لە کارکردن تاوەکو دەگەینە کۆتایی کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق دەستەبەر بکات."
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە زۆرینەی دەنگ، نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە. شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "دەبیستم کە وڵاتی گەورەی عێراق لەوانەیە بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی مالیکی کرد و گوتی: "دوایین جار مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵاتەکە تێکەوتە نێو هەژاری و پاشاگەردانییەکی تەواو. نابێت رێگە بدرێت ئەوە دووبارە ببێتەوە."
دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی تووند دەدات و دەڵێ: "بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا شێتانەکانییەوە، ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر یارمەتیی عێراق نادات و، ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ شانسێکی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن یان ئازادی نابێت."
|