وەزیری نەوتی عێراق: قەیرانی گەرووی هورمز کاریگەری لەسەر هەناردە هەبووە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  128 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، قەیرانی گەرووی هورمز کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەناردەی نەوت هەبووە و بۆ چارەسەری کێشەکەش لە گفتوگۆی چڕدان لەگەڵ ئێران.

باسم محەممەد خوزەییر، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، قەیرانی گەرووی هورمز بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق و جووڵەی تانکەرەکان دروست کردووە.

لە ئێستاشدا گفتوگۆیەکی چڕ لەگەڵ لایەنی ئێرانی بەڕێوە دەچێت بۆ ئاسانکاری و دابینکردنی ئاسایشی هاتووچۆی تانکەرەکان لەو گەرووە ستراتیژییەدا، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی عێراق بۆ پێگەی ڕاستەقینەی خۆی وەک پێشەنگ لە کەرتی وزەدا.

سەبارەت بە توانای بەرهەمهێنان، وەزیری نەوت ئامادەییی تەواوی کێڵگە نەوتییەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی پێشووی هەناردەکردن دووپات کردەوە و پلانی وەزارەتیشی بۆ زیادکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنان لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاشکرا کرد. هاوکات وەزارەتەکەی کار لەسەر پلانێکی ستراتیژی بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی عەکاز و مەنسوورییە دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە سووتانی گازی هاوەڵ.

وەزیری نەوت ڕایگەیاند: ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ناوخۆوە بن ئەوا قەرەبوویان دەکەینەوە، بەڵام ئەگەر لە دەرەوەی عێراقەوە بن ناتوانین هیچ بکەین.

هەروەها ڕەتیشی کردەوە حکوومەت قبووڵی هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر کۆمپانیاکان بکات و ئاسایشیان بۆ دابین دەکات


   ئەمانەش بخوێنەرەوە