رۆناڵدۆ دەیەوێت بۆ ریال مەدرید گورزێکی گەورە لە بارسێلۆنا بدات

2025-06-12  61 جار خوێنراوەتەوە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید، بە ئەستێرەیەکی لاو، کە ئامانجێکی سەرەکی بارسێلۆنایە وتووە "دەبێت بچیتە ریال مەدرید".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی هێشتا خۆشەویستی ریال مەدریدی لەدڵدایە و ئێستاش هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ خزمەتکردنی مێرینگێ دەگرێتەبەر.
 
ئەفسانەی پۆرتوگالی دوای یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ بە نیکۆ ویلیامزی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیسپانیای وتووە "دەبێت بچیتە ریال مەدرید! من دەزانم ریال مەدرید بۆ تۆ لە بارسێلۆنا باشترە".
 
بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی شاهانە، لە یاریگای ئەلیانز ئارێنا لە میونشن، کریستیانۆ چاوی بە نیکۆ ویلیامزی ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیک بیلباو کەوتووە و قسەی لەگەڵیدا کردووە.
 
نیکۆ و رۆناڵدۆ کاتی گۆڕینەوەی درێسەکانیان

سەرەتا رۆناڵدۆ هەوڵیداوە ئازاری دۆڕانەکە بۆ ئەستێرە لاوەکەی ئیسپانی کەم بکاتەوە و ئامۆژگارییەکی روونی پێشکێش کردووە و پێگوتووە "شێوازی یاریکردنت بەتەواوی لەگەڵ بێرنابیۆ دەگونجێت، لەوێ سەرکەوتوو دەبیت، پێویستە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکەیت".
 
ئامۆژگارییەکی لەم جۆرە لە یاریزانێک بەقەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، بەو پێیەی ئەو نهێنییەکانی یانەی شاهانە دەزانێت. بەتایبەتی کە نیکۆ سەرسامە بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگدا و دوای تەوابوونی نیوەی یەکەم نیکۆ لە چاوەڕوانی رۆناڵدۆدا بوو تاوەکو داوای درێسەکەی بکات.
 
بۆیە بەئەگەری زۆرەوە قسەکانی دۆن کاریگەرییان لەسەر بڕیاری نیکۆ دەبێت، ئەگەرچی ئەم گرێبەستە تەنیا پەیوەست نییە بە خواست و بڕیاری یاریزانە ئیسپانییەکە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری مانەوەی رۆدریگۆ گۆس لە ریال مەدرید، هەروەها هاتنی فرانکۆ ماستانتونۆ کە لەهەمان شوێن یاری دەکات.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ میدیای کەتەلۆنی باسی لەوە کرد کە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا بڕیاریدابوو گرێبەست لەگەڵ نیکۆ نەکات دوای ئەوەی ساڵی رابردوو رەتیکردەوە بچێتە بارسێلۆنا، بەڵام لەم رۆژانەدا لاپۆرتا بڕیاری خۆی گۆڕیوە و یانەکە بەجدی بیر لە دانی مەرجی سزایی ئەو یاریزانە دەکاتەوە بۆ ئەوەی نەچێتە گفتوگۆ لەگەڵ ئاتلێتیک بیلباوەوە، کە 60 ملیۆن یۆرۆیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە