عەلی شەمخانی دوای 7 رۆژ برینداربوونی: سەرکەوتن نزیکە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
21 جار خوێنراوەتەوە
راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە هێرشەکەی 13ـی حوزەیرانی ئیسرائیلدا بە سەختی بریندار بوو، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: ''سەرکەوتن نزیکە و ناوی ئێران وەک هەمیشە لە مێژوودا دەدرەوشێتەوە.''
عەلی شەمخانی، راوێژکاری سیاسیی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەکەم پەیامی خۆی لەدوای هێرشەکەی ئیسرائیل و برینداربوونی، بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سهرکهوتن نزیکه."
عەلی شەمخانی دەشڵێت: "ناوی ئێران وهک ههمیشه له مێژوودا دهدرهوشێتهوه.''
بەرەبەیانیی هەینی 13ـی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی کردە سەر چەند بنکەیەکی ئەتۆمی و سەربازی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران. عەلی شەمخانیش لەو هێرشەدا بە سەختی بریندار بوو.
پێشتر دەنگۆی کوژرانی ئەو راوێژکارەی عەلی خامنەیی بڵاوبووەوە، بەڵام دواتر وەزارەتی فەرهەنگ و گەشتوگوزاری ئێران رایگەیاند، بە هەڵە ناوی شەمخانی خرابووە نێو لیستی کوژراوەکانەوە و داوای لیبووردنی کرد و رایگەیاند: "ئەو هەڵە دەستبەجێ راستکراوەتەوە".
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، ئێستا دۆخی تەندروستیی شەمخانی جێگیرە.
|