"ئەو نوسراوەی هەرێم واژۆی کردوە جیاوازە لەوەی بەغدا بڵاویکردوەتەوە"

2025-07-21  584 جار خوێنراوەتەوە

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لێکگەشتنێکی پەسەندکردوە جیاوازە لەو ڕێکەوتنەی عێراق بڕیاری لەسەر داوە، ئەو ڕەشنوسەی كە بەغدا پەسەندیكردوە مەرجی ناردنی موچە بەستراوە بەڕادەستکردنی نەوت لەبەندەری جیهان، ئەوەش بۆ دروستکردنی کێشەیە تاکو موچە نەنێردرێت.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە،  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە 16ـی (تەمموز/7) بەبریاری ژمارە (285) لێکگەشتنی نێوان هەرێم و بەغدای پەسەند کرد، هەمان ڕۆژ سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەنوسراوی فەرمی وێنەیەک پەسەندکردنی لێکگەشتنەکە ئاراستەی سەرک وەزیرانی عێراق دەکات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕۆژی دواتر لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەو لێکگەشتنەی لەکۆبونەوەیەکی نائاسایی خوێندەوە و پەسەندکرا، بەبێ ئەوەی نوسخە بدرێت بە وەزیرەکان.

سۆران عومەر باسی لەوەشكرد، ئەوەی جێی سەرنجە نوسخەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو نوسخەی کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە دوای پەسەندکردن و لە هەمان ڕۆژ بە نوسراوی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزیرانی پلاندانان و نەوت و دارایی و چاودێری دارایی ڕەوانەکراوە بۆ جێبەجێکردن.

ئەوەشیخستەڕو، پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە ئایا ئەو دەستکاریەی کە جیاوازی دروستکردوە لەنێوان ئەو دو لێکگەشتنەدا بەبێ ئاگاداری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەزیرانی کورد لە بەغدا کراوە؟، بەتایبەت لەبڕگەی دوەم/ پێنجەم لە ڕێکكەوتنەکە مەرجی ناردنی موچە بەستراوە بەڕادەستکردنی نەوت لەبەندەری جیهان". 

سۆران عومەر ڕوونیكردەوە، پێویستە وەزیرە کوردەکانی بەشدار لەکۆبونەوەکە وەڵام بدەنەوە ئەم جیاوازیانە چییە لەو لێکگەشتن و ڕێكکەوتنەدا، ڕاستە درۆنەکان نەوتی لە زۆر کێڵگە ڕاگرتوە، ئەمە نابێ بکرێتە بەهانەی نەناردنی پارەی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، ئەو مەرجە بۆ دروستکردنی کێشەیە تاکو موچە نەنێردرێت، ئەگەر شاندی هەرێمیش قبوڵی کردبێت، نەوتەکە با لە ناوخۆ سۆمۆ وەریگرێت.

دەشڵێت، "ئەو ڕۆژەی نەوت دەکرێتە بۆری تاکو دەگاتە بەندەری جیهان چەندین ڕۆژی پێویستە تاکو دەگاتە بەندەری جیهان، نەدەبو ئەو خاڵە بەوجۆرە دابنرێت. دیسان باجی ئەم جیاوازی ڕێکەوتن و دەستکاریە کەهیچ کەس ڕونی نەکردۆتەوە چۆن کراوە کەوتۆتەوە سەر موچەی نەدراوی خەڵکی هەرێم".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە