ئەمریکا داوای چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەرێم دەکات
2025-07-23
435 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا داوای چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەرێم لە سودانی دەکات و سودانیش دەڵێت، دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و، داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەست بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی تایبەت بە ژێرخانی وزەی عیراق و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عیراق ئەنجامدا.
بەپێی بەیاننامەیەک کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەپەیوەندییەکەدا نیگەرانی خۆی لە هێرشەکانی ئەم دواییە کە دامەزراوەکانی وزەیان کردووەتە ئامانج دەربڕیوە، لەنێویاندا ئەوانەی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.
جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی حکومەتی عیراق بۆ دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە و گرتنەبەری هەنگاوی کاریگەر بۆ رێگریکردن لە رووداوی زیاتر ، هاوکات، تیشکی خستە سەر گرنگی پێدانی مووچەی بەردەوام بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کرد لەنێوان عیراق و تورکیادا.
نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، سوودانی وتوویەتی، دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە بڕیارەکانی دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، ئەوەش بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە خەزێنەی گشتیی وڵات.
بەپێی نووسینگەی راگەیاندنەکەی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، چوارچێوەکانی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی هاوکار دەبن لە چارەسەرکردنی کێشە دارایی و یاساییەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا.
|