کەمبوونەوەی دیناری عیراقی نرخی دۆلار دادەبەزێنێت
2025-07-22
355 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی دۆلار نزمبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی، بەجۆرێک نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بە 139 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
فەهمی تۆفیق شارەزای ئابووری 7ROJی راگەیاند:" هۆکاری نزمبوونەوەی نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە لەماوەی سێ مانگی رابردوودا دراوی عیراقی لەبازاڕەکاندا کەمبووەتەوە و دۆلار زیادیکردووە".
وتیشی " هاوکات بەشێکی تر لەهۆکارەکان دەرەکین و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەماوەی رابردوودا ترەمپ سزای خستەسەر بەشێک لە هەناردەی کاڵای عیراقی بۆ وڵاتەکەی، هەروەها سزا ئابوورییەکانی ئەوروپا بۆ سەر رووسیا هۆکارێکی دیکەی نزمبوونەوەی نرخی نەوت و دۆلارە".
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا نرخی دۆلار لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەوشێوەیە دانەبەزیوە و لەئەمڕۆدا 100 دۆلاری ئەمریکی بە 139 هەزار مامەڵەی پێوەدەکرێت، هەرچەندا بەراورد بە نرخەکەی لە دوێنێدا کەمێک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، کە نرخەکەی 138 هەزار و 800 دینار بوو.
|