ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: دهبێت بهغدا لە زوترین کاتدا موچە ڕهوانه بكات
2025-07-23
319 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان دوپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی لەچوارچێوەی لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش جێبەجێکردوه بۆیە دەبێت حکومەتی فیدراڵیش لە زوترین کاتدا موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت
ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان له ڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی كۆبوهتهوه و تەوەری سەرەکی کۆبونەوە، تایبەت بو بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی دوا ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، کە هەفتەی ڕابردو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردولا پەسەندکراوە و تایبەتە بە موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتیی نانەوتی و میکانیزم و ڕێکاری تایبەت بە هەنگاوەکانی هاتوو لە ڕێککەوتننامەکە لەلایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنە هاوبەشەکانی هەردولا.
ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتیکردەوە کە "هەرێمی کوردستان هەمو پابەندییەکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردوە، سەبارەت بە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری بە کاش خستوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەک لە ڕێککەوتنە هاوبەشەکە هاتوە، ئەوە سەرەڕای ناردنی لیستی موچەی پەسەندکراوی هەردو مانگی ئایار و حوزەیران و وردبینیکردنی هاوبەشی هەردو وەزارەتی دارایی و ناردنی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە".
سەبارەت بە نەوتیش، له ڕاگهیهندراوهكهدا هاتوه، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردودا و لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە، هەمو ئاسانکارییەکی پێشکەشی لیژنەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و کۆمپانیای سۆمۆ کردوە لە بەردەستخستنی زانیاریی و داتاکان و سەردانی ڕاستەوخۆیان بۆ سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێم، لیژنەی تەکنیکی هەردو وەزارەت، لەسەر پڕۆتۆکۆڵی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ گەیشتونەتە لەیەکگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەو بڕە نەوتەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت، چونکە بەهۆی هێرشە درۆنییە تیرۆریستی و ناڕەواکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بەرهەمهێنانی نەوت، بە شێوەیەکی بەرچاو لە کێڵگەکان کەمی کردوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێم دهڵێت، "ئەو ڕێکارانەش پابەندیی هەرێم بە ڕێكکەوتنەکە پشتڕاست دەکاتەوە، بۆیە دەبێت لە بەرامبەریشدا حکومەتی فیدڕاڵ پابەندیی خۆیی بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات بە ناردنی دەستبەجێی موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کە تا ئێستا نەیانناردوە و موچەخۆرانی هەرێم، سێ مانگە بێ بەشکراون لە شایستەی دارایی خۆیان، کە مافێکی دەستوریی و یاسایی خۆیانە و نابێت لەژێر هیچ بیانویەک، ئەم مافە پێشێل بکرێت بە تایبەتیش ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە بە زیادەوە، جێبەجێ کراوە".
لهبارهی دواكهوتنی موچه، دهڵێت، "ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، هەڵوێستی بەرپرسانە و خۆراگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت کە وێڕای بارودۆخی سەختی دارایی کە بونە قوربانی بڕیارێکی ناڕەوا و نادەستوری، بەڵام تێگەیشتنی پێویستیان بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە هەیە کە بە سەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی بەرزەوە، داکۆکی لە قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەنجومەنی وەزیران خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکاتەوە کە لە پێناو دابینکردنی موچە وشایستەکانی خەڵکـ، هیچ کات درێخی ناکات و دەستبەرداری مافەکانی خەڵکی کوردستان نابێت".
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دەکات، کە بە شێوەیەکی ڕاستگۆییانە و بەرپرسانە کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دور لە تێکدان و خراپەکاری و چەواشەکاری ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و نەبنە بڵندگۆی ئەو کەسانەی کار بۆ پشێوی و ئاشوب نانەوە دەکەن و هەمیشە پاساو و بیانو بۆ ئەو زوڵم و ستەمە دەهێننەوە کە لە موچەخۆران و خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکرێت.
لە بڕگەی دوەمی کارنامەی کۆبونەوەدا، کە میوانداریی لیژنەیەکی هاوبەش لە ( وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی پێوانەسازیی وکۆنتڕۆڵی جۆریی) و (وەزارەتی دارایی و ئابوری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەکان) و ( وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی) و (وەزارەتی ناوخۆ) کرابو، لیژنەکە دەقی ڕێککەوتننامەی نێوان هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیان خستەڕو سەبارەت بە دانانی میکانیزمی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان هەردو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆری فیدڕاڵ و هەرێم لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی و دەسەڵاتە دەستورییەکان.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی ڕێککەوتنامەکەی دا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستوریەکانی هەرێم و یاسابەرکارەکان لە هەرێم وەک ئەوەی لە کۆنوسی هاوبەشی لیژنەکەدا هاتوە.
|