بۆچی لە هەرێمەوە دژایەتی هاوکاریکردنی غەززە دەکرێت؟

2025-07-28  279 جار خوێنراوەتەوە

هاوکارییەکانی غەززە خەڵکی کوردستانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە

دەیان کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی غەززە لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستیان پێ کردووە، قەبارەی هاوکارییەکان بە ئەندازەیەکە، شەقامی سیاسی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بەسەر دوو بەرەی دژ بە یەکدا دابەشی کردووە.

گرووپ و کەسایەتیە ئیسلامییەکان پێشڕەوی کەمپەینەکان دەکەن و لە رێگەی رێخکراوە خێرخوازییەکانیانەوە دەیان ملیۆن دۆلاریان کۆ کردووەتەوە و بەرەو غەززەیان رەوانە کردووە.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ، قەبارەی کەمپەینەکان هێندە گەورەیە لە مێژووی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێ پێشینە بووە.

مەزەندە دەکرێت لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا نزیک بە ٢٠ ملیۆن دۆلار لە هەرێمی کوردستانەوە وەک هاوکاری رەوانەی خەڵکی غەززە کرابێت.

هاوکارییەکان زۆرینەیان بە شێوەی پارەی کاش رەوانە دەکرێن ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل رێگە بە تێپەڕبوونی خۆراک و پێداویستییەکان نادات.

بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ٧رۆژ ئەنجامیداون، خێرخوازانی هەرێم لە رێگەی حەواڵەکردنی پارە بۆ نوسینگەکانی تایبەت بە حەواڵە لەناو غەززە پارەکان دەگوازنەوە لەوێ بەسەر خەڵکی هەژاردا دابەشی دەکەن تا لە رێگەیەوە خۆراکی پێ بەدەست بخەن.

دیمەنەکانی برسێتی منداڵانی غەززە بە جۆرێکن جۆش و خرۆشی گەورەی بە خێرخوازان بەخشیوە، ئەوەش وایکردووە قەبارەی هاوکارییەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان زیاتر بن.

لە بەرانبەردا هێزە عەلمانییەکان و کەسە دیارەکانیان لە میدیاکانیانەوە ناڕاستەوخۆ دژایەتی کەمپەینەکان دەکەن و پێیان وایە ئەو هاوکاریانە لەناو خەڵکی هەرێمی کوردستان بەکاربێن گونجاوترو باشترە.

ئەم هێزانە بۆ ئەوەی نەکەونە بەر کاردانەوەی خەڵک؛ لە رێگەی میدیا سێبەرەکانیانەوە دژایەتی ئەو پرسە دەکەن.

جیا لەوە بەشێک لە گرووپە ئیسلامییەکان کە خۆیان بە سەلەفی ناساندووە پێشتر دژایەتی توندی بزووتنەوەی حەماسیان دەکرد ئێستا کەوتوونەتە نێوان هەردوو بەرەکەوە، ناو بەناو خۆیان بەلای هێزە ئیسلامییەکاندا ساغ دەکەنەوە و بانگەشەی هاوکاری بۆ غەززە دەکەن.

ئەوەی وایکردووە خەڵکی کوردستان بە پەرۆش بێت بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی برسی غەززە هەستکردنە بەو دۆخە ناهەموارەی کە ئێستا خەڵکی ئەو ناوچەیەی تێدایە، بەوپێیەی لە رابردوودا خەڵکی باشووری کوردستان بەردەوام لە دۆخی هاوشێوەدا بووە.

بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیەو باس دەکرێت هیچ کام لە میللەتانی دنیا بە هەمانشێوە بە دەم گەلی کورد و خەڵکەکەیەوە نەهاتوون!


   ئەمانەش بخوێنەرەوە