حکومەتی هەرێم لەبارەی مووچەی مانگەکانی 6 و 7 کۆدەبێتەوە
2025-07-29
345 جار خوێنراوەتەوە
بڕیارە سبەی چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات و سێ پرس تاوتوێ بکات، کە بریتین لە بەدواداچوون بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووز، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و پێشنیازەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە کە وێنەیەکی دەست ٧ڕۆژ کەوتووە، لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی 2025 دەکات، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هاوبەشانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق دەریکردوون. هەر لەو بڕگەیەدا، بەدواداچوون بۆ کارەکانی لێژنە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی هەولێر و بەغدا دەکرێت.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت لەبەر رۆشنایی ئەو دوو بڕیارە هاوبەشەی کە پێشتر لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا دەرکراون.
تەوەری سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی چەند پێشنیازێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە خزمەت، خانەنشینی، مووچە و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، کە لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە پێشکەش دەکرێت.
|