سكاڵای كۆن و نوێ رووبەڕووی شاسوار عەبدولواحید دەكرێتەوە

2025-08-13  332 جار خوێنراوەتەوە

ڕاوێژکارێکی یاسایی دەڵێت ئەو كەسانەی سكاڵایان لەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەیە، دەتوانن بچنە دادگا و سكاڵای یاسایی خۆیان لەسەر ناوبراو تۆمار بكەن، ئاماژە بەوەشدەکات: "شاسوار هەر سكاڵایەكی دیكەی لەسەربێت، ئەو سكاڵایانەش رێكاری یاسایی خۆیان وەردەگرن و بۆ هەر سكاڵایەك رێكاری تایبەتی لەگەڵ دەگیرێتەبەر".

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەپێی مادەی 431 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیركراوە و سزاكەشی دوو بەشە، بەشێكیان زیندانییەكەی لە 24 سەعاتەوە دەستپێدەكات تا سێ مانگ و بەشی دووەمیان زیندانیكردن لە سێ مانگەوە دەستپێدەكات تا پێنج ساڵ و ئەمەش دادگا یەكلایی دەكاتەوە.

د. چیا زەنگەنە راوێژكاری یاسایی بە میدیاکانی راگەیاند: ئەو مادە یاساییەی شاسوار عەبدولواحید ـ ی لەسەر دەستگیركراوە تایبەتە بە هەڕ‌ەشەكردن، كە هەر كەسێك هەڕەشە لەكەسێكی دیكە بكات و مەترسی بخاتە سەر ژیانی یان ماڵ و كەسایەتی ئەو كەسە، ئەوا بەپێی یاسا و بەبڕیاری دادگای تایبەتمەند هەڕەشەكار زیندانی دەكرێت، دوای خستنەڕ‌وو و كۆكردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەڵگەكان و گوێگرتن لە وتەی سكاڵاكار و تۆمەتبار و لە ئەگەری یەكلاییكردنەوەی تۆمەتی تۆمەتبار، دادگا دەگاتە بڕ‌یاری كۆتایی و بەپێی یاسای سزادانی عیراقی سزای زیندانی بەسەر تۆمەتباردا دەسەپێنێت. لەبارەی سزاکەشیەوە د. چیا ئاماژەی بەوەدا كە ئەوەش دوو جۆرە، جۆرێكیان زیندانییەكەی لە 24 سەعاتەوە دەستپێدەكات تا سێ مانگ و جۆری دووەمیان زیندانیكردنە لە سێ مانگەوە تا پێنج ساڵ".

د.چیا زەنگەنە دەشڵێت "دیاریكردنی سزاكەی شاسوار عەبدولواحیدیش دەگەڕ‌ێتەوە بۆ دادگای تایبەتمەند، دوای ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەكان دەكرێت، دادگاكە دەگاتە ئەو باوەڕ‌ەی لەبەرئەوەی تۆمەتبار ئامادەنەبووە، حوكمێكی غیابی بەسەردا بسەپێنێت كە بە شەش مانگ مەزەندە دەكرێت".

ئەو راوێژكارە یاساییە روونیشیكردەوە: "هەركەسێك زەرەرمەندبووبێت لەڕ‌ووی مادی و مەعنەوییەوە یاخود رەفتارێكی نایاسایی لەلایەن ناوبراوەوە بەرامبەری كرابێت، دەتوانێت لە دادگا رێكاری یاسایی خۆی بەرامبەر شاسوار عەبدولواحید بگرێتەبەر و سكاڵای لەسەر تۆمار بكات".

د.چیا زەنگەنە راشیگەیاند: "شاسوار عەبدولواحید چەند دۆسیەیەكی لێكۆڵینەوە و سكاڵای دیكەی لەسەرە و بێگومان رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، چونكە ئەگەر تۆمەتبارێك ئامادەی دادگا نەبێت، یان خۆی رادەست نەكات، یان هەڵبێت، لەكاتێكدا چەندین سكاڵای جۆراو جۆر و فرەلایەنی لەسەربێت، ئەوا هەركاتێك تۆمەتبارەكە بەردەستبوو، سەرجەم سكاڵاكانی دیكەش رێكاری یاسایی خۆیان وەردەگرن و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت". 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە