پارتی: لە گفتوگۆی بەردەوامداین بۆ چارەسەری كێشەكان

2025-08-15  99 جار خوێنراوەتەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، جگە لە هەرێم، لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندیی و گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كە بەگوێرەی دەستور و ڕێککەوتنە سیاسییەکان بێت. دەشڵێت، "پارتی لە پێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان، بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت".

مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بەبۆنەی 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەوە بڵاویكردەوە،  لە ڕوانگەی دڵسۆزی و خەمخۆرییەکی ڕاستەقینە بۆ چارەکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێم و جێبەجێکردنی دەستور، جگە لە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدان تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن چارە بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە موچەخۆرانی خۆڕاگرەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن.

ئاماژەی بەوەشكردوە، بە هەموو شێوەیەک پارتی پشتیوانیی لە چارەکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دەکات، کە بە پێی دەستور و ڕێککەوتنە سیاسییەکان چارە بکرێن. هەروەها جەختی لەسەر پرەنسیپەکانی شەراكەت، تەوازون و تەوافوق بۆ چارەکردنی كێشەكان لە عێراقێکدا کردەوە.

لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقەوە، مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەكرد، جەخت لەسەر بەشداریکردن و پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکاتەوە، بۆ ئەوەی قۆناغی داهاتو پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروست دابڕێژرێ و کێشە و قەیرانەکان چارە و بنبڕ بکرێن، بەبێ دەستوەردانی دەرەکی و ڕەوت و خولیای تایەفەگەریی چەوت، بەرتەسک و شۆڤێنییانە، هەروەها پێکهێنانى حكومەتێك كە لە ئاست ئەركەكانی قۆناغەكەدا بێت.

ئەوەشیخستەڕو، پارتی لە پێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان، بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت، کە بەرژەوەندیی ھەمو لایەکی تێدا پارێزراو بێت و ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە بێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەش، وەکو چۆن چاوەڕوانین لە دراوسێکانمانەوە ھەڕەشە لەسەر کوردستان نەبێت، بەھەمان شێوە ھەرێم نابێتە گۆڕەپانێک بۆ ھەڕەشە لەسەر ئاسایشیی سنورەکانی ئەو وڵاتانە و ڕێز لە سەروەریی ھەمو لایەک بگیرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە