شێروان شێروانی بە چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا
3 کاتژمێر پێش ئێستا
20 جار خوێنراوەتەوە
دادگای کەتنی بنەسڵاوە، سزای چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکەی بەسەر شێروان شێروانیدا سەپاند، دەبوو بە بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان مانگی ئەیلولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرێت.
پەیامنێرى 7ROJ ڕایدەگەیەنێت ئەمرۆ سێ شەممە شێروان شێروانی رۆژنامەنووس سزای چوار ساڵ و شەش مانگی دیکە زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
وتیشى: دادگای هەولێر بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی سزاکەی بەسەر شێروان شێروانیدا سەپاندوە.
محەمەد عەبدوڵا پارێزەر لە تیمی دۆسیەی شێروان شێروانی رایگەیاند، "وەک ئەوەی پێشتر بڕیاری لێدرابێت، دادگا ئەم سزایەی بەسەردا سەپاندووە"، وتیشی "دەبێت دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە".
شێروان شێروانی لە ئۆکتۆبەری 2020 لەگەڵ چەند رۆژنامەنووس و چالاكوانێكی دیکەی بادینان دەسگیرکران و لە 16ـی شوباتی 2021 بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران، دواتر لە شوباتی 2022 پاش ناڕەزایەتی و کاردانەوەكان سزاکانیان بەڕێژەی سەدا 50 تا سەدا 60 کەمکرایەوە.
ئەیلولی 2023 ماوەی سزاکەی شێروان تەواودەبوو، بەڵام دۆسییەیەکی تازە ئەوی لە زیندان هێشتەوە و لە 26ـی 10ـی 2023 سزاكەی لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکرایەوە.
هەرچەندە مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 60%ـی سزای سەر بەندکراوانی بادینان لابرا جگە لە شێروان شێروانی كە سزاكەی 50% كەمكرایەوە، بەڵام بڕیارەكەی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە جێبەجێ نەكرا.
دوای لێخۆشبوونەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی (16ـی ئاداری 2023) سێ كەس لە حوكمدراوان ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد كران و دوای دوو سزای دیكە، گوهدار محەممەدیش ئازاد كرا.
بەپێی بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەبوو مانگی ئەیلولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بكرایە، بەڵام پێش ئەو كاتە و لە (20ـی تەمموزی 2023)، شێروانی بە مادەکانی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندكردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوار ساڵەكە كرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو رۆژی نۆی ئاداری ئەمساڵ ئازاد بكرێت.
|