چارەسەر نەکردنی کیسی سەر جگەر ئاساییە ؟
2025-10-06
96 جار خوێنراوەتەوە
کیسی سەر جگەر لە کەسێکەوە بۆ کەسێكی دیکە هۆکار و نیشانەکانی دەگۆڕێت، پشتگوێخستن و چارەسەرنەکردنی ئەم کیسانە پەیوەستە بە جۆری کیسی جگەر.
د.سەردار ئیبراهیم پسپۆری نەشتەرگەری گشتی ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات دەربارەی ئەم حاڵەتە.
1- کیسی جگەری سادە زۆرترینیان ناشێرپەنجەیین و شلەی زۆر تێدایە، بەزۆری زیانی نییە و زۆرجار لە کاتی فەحسی تردا دەدۆزرێتەوە، ئەگەر چارەسەر نەکرێت زۆربەیان قەبارەیان بە جێگیری دەمێننەوە و هیچ کێشەیەک دروست ناکەن، هەروەها بە دەگمەن لەوانەیە گەورە ببن و ببنە هۆی نیشانەکانی وەک ناڕەحەتی سک، ئاوسانی سک، یان هەستکردن بە تێربوون بە خێرایی.
2- کیسی زۆر گەورە لەوانەیە پەستان بخاتە سەر ئەندامەکانی نزیک یان بۆرییەکانی زراو و ببێتە هۆی ئازار، هێڵنجدان، یان زەردوویی، ئاڵۆزییەکانی بریتین لە هەوکردنی کیسەکە، پچڕان، یان خوێنبەربوون بۆ ناو کیسەکە.
3- نەخۆشی جگەری فرە کیسی، کیسەکان دەتوانن بە تێپەڕبوونی کات گەشە بکەن، دەبێتە هۆی گەورەبوونی جگەر بە شێوەیەکی بەرفراوان، ئاوسانی سک و ئازار، هەرچەندە بە دەگمەن دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی جگەر بەڵام پێویستی بە چارەسەرکردن دەبێت ئەگەر توند بێت.
4- کیسی هایداتید زۆر مەترسیدارترە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، بەو پێیەی دەتوانێت گەورە بێت و بپچڕێت و شلەی مشەخۆر دەربدات، دەبێتە هۆی هەستیاری یان بڵاوبوونەوەی هەوکردن بۆ ئەندامەکانی تر، هەربۆیە پێویستی بە چارەسەری پزیشکی و هەندێکجاریش بە نەشتەرگەری هەیە.
* چارەسەرکردن تەنها لەو کاتەدا پێویستە کە کیسەکە نیشانەکانی هەبێت، زۆر گەورە بێت، یان گوماناوی بێت بۆ سەرچاوەی مشەخۆری یان شێرپەنجەیی.
|