بافڵ تاڵەبانی: کێشەی ئێمە لە بەغدا زۆر لە مووچە گەورەترە

2025-10-07  259 جار خوێنراوەتەوە

بافل تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، دەستپێکردنی بانگەشەی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیاند و گوتی:"ئەم جارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانە لە عێراق. ئەمرۆ بەدڵمان بێت یان نا، زۆر بڕیاری گرنگ و قورس لە بەغدا دەدرێت".
 
سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، "کێشەی ئێمە لە بەغدا زۆر لە مووچە گەورەترە". جەختی لەوەش کردەوە عێراق نابێت سەر بە هیچ کەس بێت، دەبێ عێراقییەکان خۆیان کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، کە ئەویش جێبەجێکردنی دەستوورە و گوتی "دەستوور پیرۆزە".
 
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، بافڵ تاڵەبانی وتی، چەند لایەنێک پشت بە وڵاتان دەبەستن ، لەکاتێکدا کێشەکانی عێراق بە کورد و پێکهاتەکانی دیکە چارەسەر دەکرێت. هەروەها گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ عێراق پێویستیەتی، بەرنامەیەکی نیشتمانییە. بەرنامەیەکی عێراقی! عێراق پیاوی هیچ لایەنێک نییە. عێراق دەبێت پیرۆزییەکانی خۆی ببینێت و نابێت لەبیری بچێت کە چەندە گەورەیە".
 
بافڵ تاڵەبانی هەروەها رایگەیاند، بەشێکی خەباتمان رێزگرتنە لە دەستووری عێراق و گوتی: "ئەم دەستوورە ئێمە بەیەکەوە نووسیمان. پێویستی نەکرد هیچ وڵاتێک لەدەرەوە یارمەتیی ئێمە بدات. چارەسەرەکەشی پێویستی بە ئێمەیە. هەموو کێشەکانی ئێمە بە دەستووری عێراق چارەسەر دەکرێت. ئێمە دەبێت بۆ ئەمە خەبات بکەین. لە مادەی 140ــەوە هەتا دەگاتە مافی پێشمەرگەکانمان، هەمووی لە ناو دەستووری عێراقە. دەستووری عێراق دەستوورێکی پیرۆزە. مینۆی خواردنگەیەک نییە هەتا ئەمەیانت بە دڵ بێت و هەڵیبژێریت و ئەوەیان رەت بکەیتەوە. بەڵکو دەبێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت".
 
نزیکەی ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێندراوە. 
 
سەبارەت بە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە چەند بەڵێنێکمان بە ئێوە داوە. هەتا من قەناعەت بەو پۆست و ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ دروستکردنی حکومەت دەکرێت، هەروەها هەتا من قەناعەت نەکەم کە ئەم حکومەتە لە حکومەتەکانی دیکە جیاواز دەبێت و ئێمە نەتوانین بەڵێنەکانمان بەگوێرەی پێویست جێبەجی بکەین، دڵنیابن پێکهێنانی حکومەت هەر دوادەکەوێت. گلەیی مەکەن و سوپاسمان بکەن".
 
سەرۆکی یەکێتی باسی بەرنامەی یەکێتی کرد و نموونەی بە سیاسەتی سعودیە هێنایەوە کە هەوڵی کەمکردنەوەی وابەستەیی بە نەوت دەدات و گوتی: "سعودییەکان باش دەزانن رۆژێک دێت نەوت نامێنێت. ئایا کەس باسی ئەمانە بۆ ئێوە دەکات؟ یەکێتی چەندین بەرنامەی هەیە کە ئەگەر ئێستا دەستی پێنەکەین، دوای باران بارین چەترمان ناوێت".
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوەشکرد، حیزبەکەی نەیهێشتووە پریشکەی ئاگری کێشەکانی دەوروبەر بەر هەرێمی کوردستان بکەوێت و گوتی: "یەکێتی نیشتمانیی کوردستان سێشەممە لە واشنتۆنە و پێنجشەممە لە تارانە، هەروەها هەینی لە مۆسکۆیە و دووشەممە لە بەریتانیایە".

بافڵ تاڵەبانی رووی دەمی لە پێکهاتە جیاوازەکان کرد و وتی، بە یەک چاو سەیری هەموویان دەکەن و گوتیشی: "ئەوەی پێویستە ئەمڕۆ بزووتنەوەیەکی نیشتمانیی عێراقییە کە دوور بێت لە لایەنی دەرەوە. ئێمە زۆر لەوە گەورەترین کە خەڵک مەزەندەی دەکات. دەبێت ناوەندی بریار لای خۆمان بێت، نەک وڵاتی دیکە".
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە