سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هەرێم: ئه‌ندامانی داواكاری گشتی دادوەرن
2025-10-06
218 جار خوێنراوەتەوە
سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی داواكاری گشتی به دادوه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێن و ئه‌ركه دادوه‌رییه‌كانیان جێبه‌جێده‌كه‌ن و ده‌شڵێت، "سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌مان به نیگه‌رانیه‌وه ده‌ڕوانێت بۆ هه‌ر نادیده‌گرتنێك بۆ ئه‌رك و ڕۆڵی گرنگی دادوه‌رانمان و پێشێلكردنی ده‌قه یاساییه ئاماژه‌پێكراوه‌كان".
سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌رێم له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، "سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌رێم جه‌ختده‌كاته‌وه له‌وه‌ی كه دادوه‌رانی داواكاری گشتی به‌شێكی ڕه‌سه‌ن و گرنگ و كاران له خێزانی دادوه‌ری له كوردستان و له عێراق هه‌روه‌ك له مادده‌ی 89 له ده‌ستوری عێراقی فیدڕاڵ و ده‌قی مادده‌ی یه‌كه‌م له یاسای پاشكۆی یاسای داواكاری گشتی ژماره 18ی ساڵی 2007 هاتوه كه له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوه كه‌وا (ئه‌ندامانی داواكاری گشتی ئه‌وانه‌ی له خزمه‌تكردندا به‌رده‌وامن به پێی پله و پۆلین و كۆنی ئه‌و پۆسته‌ی تێیدان، له كاتی ده‌رچونی ئه‌م یاسایه به دادوه‌ر ده‌ژمێردرێن، هه‌مان ئه‌و حوكمانه‌ی به‌سه‌ر دادوه‌راندا پیاده ده‌كرێت ده‌یانگرێته‌وه و هه‌مو ماف و تایبه‌تكاریه‌كانی دادوه‌رانیش ده‌یانگرێته‌وه)".
ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، "به‌م پێیه ئه‌ندامانی داواكاری گشتی به دادوه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێن له ڕوی ناونیشان و ئینتمایان بۆ خێزانی دادوه‌ری كه هه‌مان بنه‌ما و ڕێسای دادوه‌ران له‌سه‌ریان پیاده ده‌كرێت هه‌ر له دامه‌زراندنیان كه هه‌ردوكیان ده‌بێت ده‌رچوی په‌یمانگه‌ی دادوه‌ری بن تاكو خانه‌نشینكردنیان و هه‌مو مادده و بڕگه‌كانی یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ژماره 23ی ساڵی 2007 له‌سه‌ریان جێبه‌جێده‌كرێت".
رونیشیكردۆته‌وه، "به پێی مادده‌ی (سێیه‌م) له یاسای پاشكۆی یاسای داواكاری گشتی به‌ركار دادوه‌رانمان ئه‌ركه دادوه‌رییه‌كانیان جێبه‌جێده‌كه‌ن كه له دوتوێی یاسای داواكاری گشتی ژماره 159ی ساڵی 1979ی هه‌مواركراو و به‌ركار له هه‌رێمدا هاتون كه ته‌واوی قۆناغه‌كانی پڕۆسه‌ی دادوه‌ری له ده‌سپێكی داواكان تاكو یه‌كلاكردنه‌وه وجێبه‌جێكردنی بڕیار وحوكمه‌كان ده‌گرێته‌وه له ته‌واوی دادگاكانی هه‌رێم".
باسی له‌وه‌شكردوه، "سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌مان به نیگه‌رانیه‌وه ده‌ڕوانێت بۆ هه‌ر نادیده‌گرتنێك بۆ ئه‌رك و ڕۆڵی گرنگی دادوه‌رانمان و پێشێلكردنی ده‌قه یاساییه ئاماژه‌پێكراوه‌كانی سه‌ره‌وه كه له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچون چ به نوسراو یاخود ڕونكردنه‌وه یاخود لێدوان كه له‌لایه‌ن هه‌ر لایه‌نێك ده‌ربچێت و پێویست ده‌كات هه‌مولایه‌كمان ڕێز له یاسا به‌ركاره‌كان بگرین و پابه‌ندیان بین".
سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی هه‌رێم ئاشكراشیكردوه، "وروژاندنی ئه‌و بابه‌ته له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و له هه‌ر شوێنێكی دیكه هیچ خزمه‌تێك به به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ناكات، به‌ڵكو زیان به‌خشه به كۆی پڕۆسه‌ی دادپه‌روه‌ری و متمانه‌ی گشتی به سیسته‌می دادوه‌ری بێهێز ده‌كات و پێویسته زۆر به‌رپرسانه و حه‌كیمانه له‌گه‌ڵ ئه‌مجۆره بابه‌تانه مامه‌ڵه بكرێت چونكه دادوه‌رانی داواكاری گشتی و دادوه‌ران ته‌واوكه‌ری یه‌كترین و ئامانجی پیرۆزی هاوبه‌ش كۆیانده‌كاته‌وه بۆ پاراستنی مافه‌كان و هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری وسه‌روه‌ری یاسا".
رۆژی 3ی ئه‌م مانگه سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ڕایگه‌یاند، کەسێک بەناوی (ناز نوری عارف) بۆ "خۆدەرخستن خۆی" بە (حاکم ناز) لە کەناڵ و سایتەکان ناوزەد دەکات و بەپێی حەزی خۆی و چۆنی پێخۆشە "سیناریۆ دادەڕێژێت و كەیس دروست دەكات و سوکایەتی بەدامەزراوەی دادوەری و دامەزراوەکانی تر دەکات" و هەستی ناسکی خەڵک دەوروژێنێت، گوایە دادوەر بوە و وازی هێناوە، ده‌شڵێت، "ئەو کەسە هیچ کاتێک دادوەر نەبوە و لەسەر سەکۆی دادوەری دانەنیشتوە و لەتەمەنیدا دادوەریی نێوان دو کەسی نەکردوە".
له‌به‌رامبه‌ریشدا حاكم ناز نوری جه‌ختی له‌سه‌ر دادوه‌ربونی خۆی كرده‌وه و پێناسی دادوه‌ریه‌كه‌شی بڵاوكرده‌وه كه وه‌ك داواكاری گشتی خزمه‌تی كردوه.
|