ڕاگەیەندراوی هەسەدە لە بارەی دۆخی حەلەبەوە

2025-10-07  284 جار خوێنراوەتەوە

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ئەوەی لە حەلەب ڕودەدات، ئەنجامی ڕاستەوخۆی هەوڵی گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتییە و ئەوان پێشتر سەرجەم هێزەكانیان كشاندوەتەوە و دەشڵێت، "حکومەتی دیمەشق بە بەرپرسیاری تەواو و ڕاستەوخۆ دەزانن لە بەردەوامبونی گەمارۆ و پێشێلکارییە سیستماتیکەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بانگەشەی ناڕاست بڵاودەکەنەوە کە گوایە هەسەدە بازگە و خاڵەکانی پشکنینی سەر بە چەکدارانی حکومەتی دیمەشقیان کردوەتە ئامانج لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب.

ئاماژەی بەوەشكرد، جەخت دەکەینەوە کە ئەو بانگەشانە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نین، چونکە هێزەکانمان لە ناوچەکەدا بونیان نییە لە دوای کشانەوەیان بەپێی لێکتێگەیشتنی 1ی (نیسان/4).

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئەوەی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود ڕودەدات، ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی دوبارەیە کە لەلایەن گروپەکانی حکومەتی دیمەشقەوە دژی دانیشتوانی مەدەنی ئەنجام دەدرێت. 

دەشڵێت، "ئەوان گەمارۆیەکی ئەمنی و مرۆیییان بەسەردا سەپێندراوە و هاوکاری و پێداویستی پزیشکییان بڕیوە، چەندین هاوڵاتییان ڕفاندوە، و بەردەوام بون لە وروژاندنی ڕۆژانەی دانیشتوان لە بازگە و دەوروبەری ئەو دو گەڕەکە، و لەم دواییانەشدا سەنگەری گڵیان لە دەوروبەری ئەو دو گەڕەکە بەرزکردوەتەوە و گەمارۆیان سەپاندوە".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "لە هەڵکشانیەکی مەترسیداردا، ئەو گروپانە هەوڵدەدەن بە تانک و زرێپۆشەوە بچنە ناوچەکە و گەڕەکە نیشتەجێبوەکان بە گولـلەهاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج، کە بوەتە هۆی کوژرانی هاوڵاتیانی  مەدەنی و زیانێکی زۆریش بە موڵک و ماڵ گەیشتوە.

ئەوەشیخستەڕو، ئەو ڕەفتارانە بوەتە هۆی وروژاندنی دانیشتوان و پاڵنانیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، هاوشان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەو دو گەڕەکە، کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن لە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.

هەسەدە باسی لەوەشكردوە، حکومەتی دیمەشق بە تەواوی و ڕاستەوخۆ بەرپرسیار دەزانن لە بەردەوامبونی گەمارۆ و پێشێلکارییە سیستماتیکەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی، و لە هەڵکشانی مەترسیداری ئەم دواییانە کە ئازارەکانی دانیشتوان زیاتر دەکات و هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە دەکات، و بێباکی بە ئەنقەستی خۆی بەرامبەر بە ژیان و کەرامەتی خەڵک ئاشکرا دەکات.

دەشڵیت، "داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکەین بەپەلە و بە شێوەیەکی کاریگەر هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ نادادپەروەرە، و ڕاگرتنی هێرش و وروژاندنە سیستماتیکەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە