وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: دەبێت بۆردوومانکردنی غەززە رابگیرێ
2025-10-05
121 جار خوێنراوەتەوە
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، پێویستە ئیسرائیل بۆردوومانکردنی غەززە رابگرێ بۆ ئەوەی حەماس بتوانێ بارمتەکان ئازاد بکات.
مارکۆروبیۆ لە بەرنامەی "Face the Nation"ـی کەناڵی CBS Newsی وڵاتەکەی رایگەیاند: "پێم وایە ئیسرائیلییەکان و هەمووان دان بەوەدا دەنێن کە ناتوانرێ لەژێر بۆردووماندا بارمتەکان ئازاد بکرێن، بۆیە دەبێ هێرشەکان بوەستن. ناکرێ لەنێوەڕاستی پرۆسەکەدا شەڕ بەردەوام بێ."
ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامنێرێک لە ترەمپی پرسی: "ئایا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رازییە هێرشی سەر غەززە رابگرێ؟" ترەمپ بە "بەڵێ" وەڵامی دایەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ شاندی ئیسرائیل و حەماس لە میسر کۆببنەوە. نەتەنیاهوو چاوی لەوەیە "بەمزووانە" بارمتەکان ئازاد بکرێن.
روبیۆ لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا بە کەناڵی NBC وت: "چەند ئاڵنگارییەکی لۆجیستی هەن کە پێویستە چارەسەر بکرێن، ئەمەش بۆ ئەوەی رێگەی ئازادکردنی بارمتەکان خۆشتر بێت."
روبیۆ باسی لەوە کرد، ئامانجە درێژخایەنەکان "قورستر" دەبن، بەتایبەت بەڕێوەبردنی غەززە و چەککردنی بزووتنەوەکە [حەماس].
روبیۆ وتی: "ناتوانیت لە سێ رۆژدا پێکهاتەیەکی حکومەت لە غەززە دابمەزرێنیت کە حەماسی تێدا نەبێت، واتە کاتی دەوێ."
لەسەر وازهێنانی حەماس، ترەمپ وتی، چاوەڕێ دەکات بزانێت ئایا "بەمزووانە" حەماس پابەندی ئاشتی دەبێت یان نا. سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد: "ئەگەر حەماس واز لە دەسەڵات نەهێنێت، بەتەواوی دەسڕدرێتەوە."
|