چی لەسەر رێککەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دەزانیت؟
6 کاتژمێر پێش ئێستا
207 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ نێوەندگیرەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە. ئەمەش دوای دوو ساڵ لە جەنگ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کردووە. ترەمپ جەختی کردەوە "ئەمە مانای وایە بەم زووانە هەموو دیلەکان ئازاد دەکرێن" و ئیسرائیلیش هێزەکانی بۆ هێڵێکی رێککەوتوو دەکشێنێتەوە وەک یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی بەهێز و هەمیشەیی.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیال ئاماژەی بەوەدا، مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بە دادپەروەرییەوە دەکرێت و ئەم راگەیاندنەشی بە "رۆژێکی گەورە بۆ جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان" وەسف کرد. هەروەها سوپاسی نێوەنگیرەکانی کرد بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە.
سەرۆکی ئەمریکا قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و وتی، "نەتەنیاهوو زۆر دڵخۆشە و دەبێت واش بێت".
ترەمپ پێشبینی کرد لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی ئیسرائیل بکات و رەنگە لە کنێسێت (پەرلەمانی ئیسرائیل) گوتارێک پێشکێش بکات و گوتی: "ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت من لە کنێسێت گوتارێک پێشکێش بکەم و منیش بە دڵنیاییەوە ئەوە دەکەم ئەگەر بیانەوێت."
رێککەوتنی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دوای 734 رۆژە لە جەنگ. ترەمپ باسی لەوە کردووە، "هەوڵەکانی هەموو جیهان یەکیان گرتووە بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە".
بزووتنەوەی حەماس رێککەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، رێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، "کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر لە کەرتی غەززە، گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەخۆدەگرێت". حەماس جەختی لەوەش کردەوە لیستی دیلە فەلەستینییەکانی رادەستکردووە کە بەپێی رێککەوتنەکە ئازاد دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لە دانوستانەکانی میسر رێککەوتن لەسەر خاڵەکانی جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کراوە. دووپاتیشی کردەوە رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل و زیندانییانی فەلەستینی.
♦️ نەخشەی جێبەجێکردنی قۆناغی یەكەمی رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە.
♦️ ئەمڕۆ پێنجشەممە
🔹راگەیاندنی فەرمی رێککەوتنەکە.
🔹پەسەندکردنی لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ.
🔹بڵاوکردنەوەی لیستی زیندانیان و نەخشەی کشانەوە بۆ قۆناغی یەکەم.
هەینی
🔹كردنەوەی دەرگای تانە لێدانی رووكەش لە دادگای ئیسرائیل.
🔹کشانەوەی مەیدانی سوپای ئیسرائیل لە ئێوارەی پێنجشەممەوە بەپێی نەخشەکە دەست پێدەکات.
♦️ رۆژی شەممە
🔹بەردەوامی کشانەوە لە ناوچەكانی دانیشتوان.
🔹هێزە فەلەستینیەكان دەست دەکەن بە ئامادەکردنی ئەو دیلانەی لە ژیاندا ماون و رادەستکردنی تەرمی ئەو سەربازانەی شیاوی رادەستکردنن.
♦️ڕۆژی یەکشەممە
🔹ترەمپ دەگاتە ناوچەکە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردن و راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە.
♦️رۆژی دووشەممە
🔹جێبەجێکردنی فەرمی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەكان بە سەرپەرشتی (میسر، قەتەر، ئەمریکا، و تورکیا).
🔹ئیسرائیل دیلەکانی فەلەستینی ئازاد دەکات و تەرمی دەیان چەکداریان کە ئەندامانی دەستەبژێری مقاوەمەی تێدایە رادەست دەکرێنەوە.
🔹کردنەوەی تەواوی دەروازەکان، لەگەڵ چوونە ژوورەوەی 400 بارهەڵگری هاوکاری ڕۆژانە، زیاد دەکرێت بۆ 600 یان زیاتر لە رۆژانی دواتر.
🔹دەستبەجێ دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر تەواوکردنی کشانەوەکە و دڵنیابون لە وەستانی هەمیشەیی شەڕ.
|