مەسرور بارزانی: کۆڕبەندی مێپس بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئەم ناوچەیەیە
2025-11-18
140 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (مێپس 2025) لە دهۆک وتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، ئەم کۆڕبەندە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئەم ناوچەیەیە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە وتارەکەیدا وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان رایگەیاند: "ئەم کۆڕبەندە شەشەمین ساڵە بەڕێوەدەچێت بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئەم ناوچەیە".
دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
زۆر بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی؛ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ؛ بەڕێز فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ بەڕێزان جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران؛ بەڕێز مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق؛ بەڕێز ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا؛ بەڕێز دکتۆر بشر خساونە، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئوردن؛ بەڕێزان سەرۆکی حزب و لایەنە سیاسییەکان؛ دیپلۆماتکاران، کەسایەتییە ئەکادیمییەکان، قوتابییە خۆشەویستەکان؛ بەڕێز د. محەممەد حەسسان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان؛ میوانە بەڕێز و خۆشەویستەکان، خوشک و برایانی بەڕێز، هەموو لایەک بەخێربێن، زۆر بەخێربێن بۆ کۆڕبەندی مێپس، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ئەم کۆڕبەندە شەشەمین ساڵە بەڕێوەدەچێت بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئەم ناوچەیە. بێگومان بەشداری ئێوە لەم کۆڕبەندەدا دەوڵەمەندتری دەکات و یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەرکەوتنی. هیوادارم کاتێکی خۆش بەسەر بەرن و دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کۆڕبەندەکە دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
هیوادارین دوای تەواوبوونی کۆڕبەندەکە، ئەو راسپاردانەی لێرە ئامادە دەکرێن، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەن، بکەونە بەردەستی دەسەڵاتداران و بەرپرسان بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن.
جێگەی خۆیەتی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەموو لایەک بکەم، کە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ گەلی عێراق. دەستخۆشی و سەرکەوتن بۆ لایەنە سەرکەوتووەکان و هەموو خەڵکی عێراق دەخوازم.
جێگەی خۆیەتی، داوا لە هەموو بەشداربووان دەکەم، لە لایەن فیفاوە یانەی زاخۆ پاڵێوراوە بۆ باشترین هاندەر و پاڵپشتی تۆپی پێ، بە گوێرەی پێوەرەکانی فیفا، هیوادارم هەمووتان پێکەوە پشتگیری یانەی زاخۆ بکەن و پشتگیری وەرزش لە یانەکانی کوردستان و عێراق بکەن.
|