هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
179 جار خوێنراوەتەوە
سەرەڕای ئەوەی لە دوو مانگدا زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەکراوە، بەڵام داهاتی نەوتی عێراق زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار کەمیکردووە. پسپۆڕێکی ئابووری دەڵێت، هۆکارەکەی دابەزینی نرخی نەوتە.
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری هەناردەی مانگی تشرینی دووەمی بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئامارەکە، تێکڕای هەناردەی نەوت لەو مانگەدا 98.7 ملیۆن بەرمیل بووە، کە 7.5 ملیۆن بەرمیلی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە.
بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم، کۆی هەناردەی نەوتی عێراق شەش ملیۆن و 106 هەزار بەرمیل کەمی کردووە، هەرچەندە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووەتەوە و رووی لە زیادبوون کردووە.
پشکی هەرێمی کوردستان
لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا، لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە 13 ملیۆن و 418 هەزار و 597 بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەکراوە، کە دەکاتە 6.5%ـی کۆی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لەو دوو مانگەدا.
داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا 838 ملیۆن و 21 هەزار و 590 دۆلار بووە. ئەوە جگە لەوەى لەو دوو مانگەدا هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان یەک ملیۆن و 748 هەزار و 869 بەرمیل زیادی کردووە.
داهات بۆچی کەمیکرد؟
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت، داهاتی هەناردەی نەوت لەنێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەمدا، 435 ملیۆن و 297 هەزار دۆلار کەمی کردووە.
نەبیل مەرسوومی، پسپۆڕی ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری ئەوەی کە هەناردەی نەوت لە شەش مانگی رابردوو زیادیکردووە و داهات کەمیکردووە، دابەزینی نرخی نەوتە؛ لەو شەش مانگەدا لانیکەم نرخی بەرمیلێک دوو دۆلار دابەزیوە."
کەمترین بڕی هەناردەی نەوتی عێراق لە شەش مانگی رابردوودا لە مانگی تەممووز بووە کە 97.7 ملیۆن بەرمیل بووە، زۆرترینیشی لە مانگی تشرینی یەکەم بووە، کە 104.8 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.
پێشبینییەکانی 2026
بەگوتەی نەبیل مەرسوومی، پێشبینی دەکرێت ساڵی 2026 نرخی نەوت زیاتر دابەزێت و بگاتە 55 دۆلار. ئەو پسپۆڕە هۆکارەکان بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە ئەگەری رێککەوتنی رووسیا و ئۆکراینا، کۆتاییهاتنی گرژیی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا، زیادکردنی بەرهەم لەلایەن وڵاتانی بەرهەمهێنەرەوە و کەمبوونەوەی خواستی چین بەهۆی پاشەکشەی کەرتی پیشەسازی و بیناسازی.
مەرسوومی دەشڵێت: "چاوەڕێ دەکرێت لە چارەکی یەکەمی هەموو ساڵێک دا نرخی نەوت دابەزێت، ئەوەش بەهۆی دەستهەڵگرتنی وڵاتان لە کۆگاکردنی نەوتی وەرزی زستان و دەستپێکردنی قۆناخی چاکسازیی ئەو کارگانەی پشت بە نەوت دەبەستن."
زیاتر لە 90%ـی داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت. بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکان، دەبێت عێراق رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەڵام لە مانگی تشرینی دووەم دا رۆژانە تەنیا 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە.
هەناردە و داهاتی شەش مانگی رابردوو بەمجۆرە بووە:
مانگی حوزەیران:
هەناردە: 97,718,994
داهات: 6,698,021,912
مانگی تەممووز:
هەناردە: 104,255,143
داهات: 7,184,804,449
مانگی ئاب:
هەناردە: 103,895,706
داهات: 7,160,253,352
ئەیلوول:
هەناردە: 102,150,362
داهات: 6,962,124,683
تشرینی یەکەم:
هەناردە: 104,816,106
نەوتی هەرێمی کوردستان: 5,834,864
داهات: 7,030,689,366
تشرینی دووەم:
هەناردە: 98,709,975
هەرێمی کوردستان: 7,583,733
داهات: 6,595,391,674
|