دەقی خاڵەکانی رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  55 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دەقی رێککەوتنە 14 خاڵییەکەی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بڵاودەکاتەوە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت: ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر لە هەموو بەرەکان و هێڵەکانی بەریەککەوتن لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکرێت.
 
لە خاڵی یەکەمی رێککەوتنەکەدا هاتووە، دەبێت هەسەدە لە هەموو ناوچەکان بۆ رۆژهەڵاتی فورات بکشێتەوە. 
 
لە خاڵی دەیەمی رێککەوتنەکەدا هاتووە، دەبێت حکومەتی سووریا لیستی ئەو بەربژێرانەی لەلایەن سەرکردایەتیی هەسەدەوە پێشکێش دەکرێن بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی سەربازی، ئەمنی و مەدەنی لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندیدا پەسند بکات. 
 
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، هەردوولا کاردەکەن بەرەو لێکتێگەیشتنەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی ئارامیی دانیشتووانی ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.
 
ئەمە دەقی خاڵەکانی رێککەوتنەکەیە: 
 

 
یەکەم: ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر لە هەموو بەرەکان و هێڵەکانی بەریەککەوتن لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ کشانەوەی هەموو پێکهاتە سەربازییەکانی هەسەدە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دووبارە بڵاوبوونەوە.
 
دووەم: رادەستکردنی تەواوەتی و دەستبەجێی کارگێڕی و سەربازیی پارێزگاکانی دێرەزوور و رەققە بۆ حکومەتی سووریا. ئەمە گواستنەوەی هەموو دامەزراوە و بنکە مەدەنییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ دەرکردنی دەستبەجێی مەرسوومەکان بۆ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی ئێستا لە ناو وەزارەتە پسپۆڕەکانی دەوڵەتی سووریادا.
 
سێیەم: تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنییەکان لە پارێزگای حەسەکە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا و پێکهاتە کارگێڕییەکانی.
 
چوارەم: حکومەتی سووریا کۆنتڕۆڵی هەموو دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگەکانی گاز لە ناوچەکەدا دەکات، کە پاراستنیان لەلایەن هێزە رێکخراوەکانەوە دابین دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی سەرچاوەکان بۆ دەوڵەتی سووریا، لەگەڵ رەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی ناوچە کوردییەکان.
 
پێنجەم: تێکەڵکردنی تەواوەتیی هەموو کارمەندانی سەربازی و ئەمنیی هەسەدە لە ناو پێکهاتەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا لەسەر بنەمای "تاکەکەسی" لە دوای وردبینیی ئەمنیی پێویست، لەگەڵ پێدانی پلەی سەربازی، شایستە داراییەکان و پێداویستییە لۆجستییەکان.
 
شەشەم: سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پابەند دەبێت بە دوورکەوتنەوە لە گرتنەخۆی پاشماوەکانی رژێمی پێشوو لە ناو ریزەکانی خۆیدا و، دابینکردنی لیستی ناوی ئەو ئەفسەرانەی لە پاشماوەکانی رژێمی پێشوون و لە ناوچەکانی باکووری روژهەڵاتی سووریادا هەن.
 
حەوتەم: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دامەزراندنی بەربژێرێک بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری حەسەکە، وەک دڵنیاییەک بۆ بەشداریی سیاسی و نوێنەرایەتیی نێوخۆیی.
 
هەشتەم: نەهێشتنی بوونی سەربازیی قورس لە شاری کۆبانی و، پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی کە لە دانیشتووانی شارەکە، لەگەڵ هێشتنەوەی هێزێکی پۆلیسی ناوخۆیی کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بێت.
 
نۆیەم: تێکەڵکردنی ئەو ئیدارەیەی بەرپرسە لە دۆسیەی زیندانیانی داعش و کەمپەکان، هەروەها ئەو هێزانەی بەرپرسن لە پاراستنی ئەم شوێنانە لەگەڵ حکومەتی سووریا، بە جۆرێک حکومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی تەواوەتیی یاسایی و ئەمنی بەرامبەریان بگرێتە ئەستۆ.
 
دەیەم: پەسندکردنی لیستی ئەو بەربژێرانەی لەلایەن سەرکردایەتیی هەسەدەوە پێشکێش دەکرێن بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی سەربازی، ئەمنی و مەدەنی لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندیدا بۆ دڵنیابوونەوە لە هاوبەشیی نیشتمانی.
 
یازدەیەم: پێشوازیکردن لە مەرسوومی سەرۆکایەتی ژمارە 13ی ساڵی 2026، کە دان بە مافی کولتوور و زمانی کورد دا دەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە مافەکان و پرسە مەدەنییەکان - لەوانە کێشەی کەسانی تۆمارنەکراو/بێ وەڵاتینامە و داواکارییەکانی مافی خاوەندارێتیی کەڵەکەبووی دەیەکانی رابردوو.
 
دوازدەیەم: هەسەدە پابەند دەبێت بە دەرکردنی هەموو سەرکردە و ئەندامە ناسووریاییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری عەرەبیی سووریا بۆ دڵنیابوونەوە لە سەروەری و سەقامگیریی ناوچەیی.
 
سێزدەیەم: دەوڵەتی سووریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە جەنگی دژی تیرۆر (داعش) وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ دڵنیابوونەوە لە تەناهی و سەقامگیریی ناوچەکە.
 
چواردەیەم: کارکردن بەرەو لێکتێگەیشتنەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی ئارامیی شکۆمەندانەی دانیشتووانی ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کۆماری عەرەبیی سووریا 
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە