وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌باره‌ی دابه‌شكردنی موچه رونكردنه‌وه ده‌دات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
217 جار خوێنراوەتەوە
وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌باره‌ی موچه‌وه رونكردنه‌وه ده‌دات و رایگه‌یاند، دەستیکردوە بە ڕێوشوێنه‌كانی دابه‌شكردنی موچەی فەرمانبەران و لە رۆژانی پشوشدا تیمه‌كان بەردەوام دەبن لە كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكترین كاتدا دابه‌شبكرێت.
وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له رونكردنه‌وه‌یه‌كدا باسی له‌وه‌كردوه، به‌شی ژمێریایی وه‌زاره‌ته‌كه دەستیکردووە بە وردبینی ڕاستەقینەی داتاکانی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ دڵنیابون لە خەرجکردنی موچە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، موچە بەتەواوی مسۆگەرکراوە و ستافی پەیوەندیدار لە ئێستاوە دەستیان کردوە بە دابینکردنی بودجەی سەرجەم وه‌زاره‌ته‌كان بۆ خەرجکردن.
وه‌زاره‌تی دارایی عێراق هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، بۆ خێراکردنی پڕۆسەکە و دورکەوتنەوە له دواكه‌وتنی موچه، وەزارەت ڕێنمایی ده‌رکردوە، بۆ ئه‌وه‌ی له رۆژانی هەینی و شەممە دەوامی فەرمی بێت بۆ ستافی پەیوەندیدار.
وەزارەتەکە داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پسپۆڕانیش دەکات کە پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن بۆ وەرگرتنی زانیاری بۆ دڵنیابون لە وەرگرتنی زانیاری دروست و دڵنیاکەرەوەی خەڵک.
نەبیل مەرسومی، شاره‌زای ئابوری له‌باره‌ی دواكه‌وتنی موچه‌ی مانگی یه‌كی 2026ی موچه‌خۆرانی عێراق، باسی له‌وه‌كردوه، له نزیكترین كاتدا موچه خه‌رج ده‌كرێت به‌ڵام داوای لە فەرمانبەران کردوە سەبر بگرن "چونکە لە ئێستادا نەختینەیی بەردەست نییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بەدەست قەیرانی نەختینەییەوە دەناڵێنێت، هەروەها داهاتی نەوت هێشتا نەگەیشتوە یان بەس نییە بۆ دابینکردنی موچەی تەواوەتی، "دۆخی ئێستا هاوتەریبە لەگەڵ هۆشدارییەکانی پێش‌و کە سەبارەت بە دۆخی دارایی درابون".
|